ئەمەریكای سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند

ئەمەریكا سزای بەسەر 27 قەوارە وكەسدا سەپاند بەھۆی پەیوەندییان بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە

K24 - ھەولێر:

سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ فەرمانێكی سەرۆكایەتیی واژووكرد بۆ سەپاندنی سزای ئابووری بە سەر ھەرلایەنێكدا ئاسانكاری لە هه‌نارده‌كردنی چەكی نائەتۆمی بۆ ئێران بكات،  وەك ئەوەی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، رۆبرت ئۆبرایین ئاماژەی پێكرد.

ئۆبرایین گوتی: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڕیاریدا بە سزادان وگرتنەبەری ریوشوێنی نوێ بۆ سەپاندنی بەربەست لە سەر ھەناردەكان بەسەر 27 قەوارە و كەسدا، كه‌ پەیوەندییان بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە هه‌یه‌.

ئیدارەی ترەمپ، ئەمڕۆ دووشەممە، سەپاندنی سزای نوێی بەسەر وەزارەتی بەرگری ئێراندا و ھەندێك لایەنی دیكە راگەیاند، كە رۆڵیان ھەبووە لە بەرنامەی ئەتۆمیی تاران.

گەورە بەرپرسانی كۆشكی سپی ئاماژەیانكردووە، سەپاندنی سزاكان بۆ پشتیوانیكردنی ویلایەیە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە لە سەپاندنەوەی تەواوی سزاكانی نەتەوەیەگرتووەكان  بە سەر تاراندا. لەم ھەنگاوەشیدا وڵاتانی ھاوپەیمانی ئەمەریكا دژن.

لە لای خۆیەوە، كیبی كرافت، نوێنەری واشنتن لە نەتەوەیەكگرتووەكاندا بڕوای وایە، گشت وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا جارێكی دیكە سزاكان بەسەر ئێراندا دەسپێننەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش، مایك پۆمپێیۆ ئاماژەیكرد، واشنتن سزای نوێی بەسەر سەرۆكی ڤه‌نزوێلا، "نیكۆلاس مادۆرۆ"دا سەپاند، چونكە پەیوەندییەكی بەھێزی لەنێوان كاراكاس و تاران درووستكردووە.