بە وێنە.. تیرۆریستێك بە ژمارەكی زۆری پەرتووكی كۆنەوە دەستگیركرا

ئەو پەرتووكانە لە كاتی داگیركردنی مووسڵ لە لایەن داعشەوە لە كڵێسەكان دزراون

K24 - ھەولێر:

فەرماندەی پۆلیسی نەینەوا، ئەمڕۆ دووشه‌ممە دەستگیركردنی تیرۆریستێكی راگەیاند، كە بە دەیان پەرتووكی كۆنی ئایینی مەسیحی لە لا بووە.

فەرماندەی پۆلیسی نەینەوا، عەمید لەیس خەلیل حەمدانی لە راگەیاندراوێكدا گوتی: "فەوجی سواتی سەر بە فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا و بەپێی زانیاری ھەواڵگریانەی ورد و دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون و وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری تایبەتی لێكۆڵینەوە، توانرا ئەندامێكی سەر بە رێكخراوی داعشی تیرۆریست دەستگیر بكەن بەناوی (ج. ع. ح. ا) لە ناوچەی "باب الجدید" لە لای راستی شاری مووسڵ".

گوتیشی: "32 پەرتووكی كۆنی ئایینی مەسیحی لەگەڵ 19 پاكەتنامە دەستیان بەسەرداگیرا و ئەو پاكەتنامانەش، پەڕاوی پەیوەست بەو پەرتووكانەی تێدابوون و خرابوونە ناو سندووقیكی ئاسن و لە ناو چێشتخانەی ماڵی تیرۆریستەكە دیواربه‌ند كرابوو".

روونیشیكردەوە، "ئەو پەرتووكانە لە كاتی داگیركردنی مووسڵ لە لایەن داعشەوە لە كڵێسەكان دزراون".