نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزى یەکێتیى ئەورووپا دۆخى عێراق تاووتوێ دەکەن

نێچیرڤان بارزانی: کێشەکانى هەولێر و بەغدا تەنیا مووچە و بودجە نییە

K24 - ھەولێر

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 22/9/2020 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە مارتن هووس باڵیۆزى یەکێتیى ئەورووپا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە نوێنەرى یەکێتیى ئەورووپا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوو، هەنگاوەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا و لێکەوتەکانى بەتایبەتى لە بوارى ئابووریدا، مەترسییەکانى تیرۆر و جموجووڵەکانى داعش، پرۆسەى سیاسى و ئەرکى حکومەتى تازەى عێراق و هەڵبژاردنە پێشوەختەکانى داهاتووى وڵات، تاوتوێ کران.

دوایین پێشهاتەکانى گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى عێراق، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو، تیایدا نێچیرڤان بارزانى دووپاتیکردەوە کە کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا بە تەنیا بابەتى مووچە و بودجە نییە. سەقامگیریى عێراق و چارەسەرکردنى کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا دوو بابەتى پێکەوە بەستراون، یەکێتیى ئەورووپا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش دەتوانن هاوکاریى عێراق بکەن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا پشتگیریى خۆیان بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکانى عێراق دەربڕى و دەربارەى چەند تەوەرێکى دیکەى وەک پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ، ڕۆڵى یەکێتیى ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى ئەورووپى لە عێراق و هەرێمى کوردستان، بیروڕایان گۆڕییەوە.