بەوێنە: گیانلەدەستدانی 10 کەس لەئەنجامی رووخانی باڵەخانەیەک لە هیندستان
K24 - هەولێر
10 کەس بەهۆی رووخانی باڵەخانەیەک لە هیندستان گیانیان لەدەستدا، 11 کەسی دیکەش بریندار بوون.
باڵەخانە چوار نهۆمییەکە دەکەوتە شاری مۆمبای لە هیندستان، رۆژی دووشەممە (21-9-2020) بەهۆی بارانی بەخوڕ رووخا. رووخانەکەی بەجۆرێکە هەموو نهۆمەکان بەسەر یەکدی داتەپیون و تەنیا سەقفەکە بە ساغی ماوەتەوە.
ساتیا پرادان، سەرۆکی تیمە نیشتمانییەکانی بەدەمەوەهاتن لەکاتی کارەساتەکان، بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند: "تیمەکانی فریاکەوتن خەریکی گەڕانن بەشوێن 20 بۆ 25 کەس، کە لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکە گیریان خواردووە".
ئەو رووداوە لە هیندستان دەگمەن نییە، بەجۆرێک ساڵانە بەتایبەتی لەنێوان مانگی حوزەیران و ئەیلوول رووداوی هاوشێوە دووبارە دەبنەوە و، باڵەخانەی کۆن و ئەوانەش کە لەڕووی بیناسازییەوە رێکوپێک دروست نەکراون، بەهۆی بارانی وەرزییەوە زیانیان پێدەگات.
هـ.ر.