81 منداڵی نێو ریزەکانی هەسەدە گەڕێندرانەوە لای خێزانەکانیان
K24 - هەولێر
هێزەکانی سووریای دیموکرات وەکو بەشێک لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان 81 منداڵی رادەستی خێزانەکانیان کردووەتەوە.
عەبد حامد، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەریی خۆسەر لە رۆژهەڵات و باکووری سووریا دامەزراندنی چەند نووسینگەیەکی تایبەت بە مافی منداڵانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی خۆسەر راگەیاند، هەروەها ئەرک و چۆنییەتی کارکردنیشی ئاشکرا کرد.
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی سەر بە هەسەدە ئاشکرای کرد، ئەو هەنگاوە لە میانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەسەدە، بەڕێوەبەریی خۆسەر و نەتەوە یەکگرتووەکانە.
رێککەوتنەکەی نێوان بەڕێوەبەریی خۆسەر، هەسەدە و نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی قەدەغەکردنی چەکدارکردنی منداڵانە، کە لە 29-6-2019 لە جنێڤ واژۆکرا.
بەگوتەی عەبد حامد، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) "سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، بەڵام لایەنی خۆی لە رێککەوتنەکە جێبەجێکردووە و لە ماوەی رابردوودا 30 کوڕ و 51 کچی رادەستی خێزانەکانیان کردووەتەوە".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش 9 نووسینگەی پاراستنی منداڵانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دامەزراندووە، کە بەپێی عەبد حامد "ئەرکی نووسینگەکان ئەوەیە؛ سکاڵا لە کەسوکار، دایک و باوک و رێکخراوە حکومییەکانی تایبەت بە مافەکانی منداڵان وەربگرن، بۆ ئەوەی بینێرن بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەویش لەلایەن خۆیەوە بەدواداچوون بکات و چارەسەریان بکات".
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای 2014ـەوە بۆ مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵ، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بەلایەنی کەمەوە 911 منداڵیان چەکدار کردووە.