پەیامێك لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

بە تووندی ئیدانەی سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچە کێشەلەسەرەکان دەکەین

K24- هه‌ولێر:

له‌ په‌یامێكدا مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانی خۆی له‌ دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ده‌ربڕی، به‌ تایبه‌ت كه‌ به‌م دواییانه‌ هه‌ڵمه‌تی پرۆسه‌ی ته‌عریب له‌و ناوچانه‌ چڕكراوه‌ته‌وه‌، به‌دیاریكراویش له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك و ئه‌و سیاسه‌ته‌ له‌ دژی گه‌لی كورد له‌و ناوچانه‌ ئیدانه‌ ده‌كات، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و سیاسه‌ته‌ قبوڵ ناكه‌ین.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێری بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای کەرکووك، کە بەداخەوە سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو لەو ناوچانە بەردەوامە کە دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی بەعەرەبکردنی رژێمەکانی پێشووی عێراقە لە دژی خەڵكی ئەو ناوچانە. ئەوەی زیاتریش جێگەی نیگەرانی و سەرسوڕمانی ئێمەیە، ئەو کردەوانە لە عێراقێکی دیموکراتی ئەنجام دەدرێت، کە بەپێی دەستوور نەخشەڕێگە و چۆنیەتی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان و دیاریکردنی چارەنووسیان دیاریکراوە.

لەکاتێکدا کە بە تووندی ئیدانەی سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و بە تایبەت لە کەرکووك دەکەین، دووپاتیشی دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز ئەو جۆرە سیاسەتە قبوڵ ناکات، بە تایبەت گەڕاندنەوە و نیشتەجێکردنی خەڵکانێك کە دانیشتووی ڕەسەنی ئەو ناوچانە نین، ئەمە جیا لە داگیرکردنەوەی گوند و ناوچە کوردستانییەکان و دەرکردنی هاووڵاتییانی کورد و تورکمان لەسەر خاکی خۆیان و داگیرکردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و جارێکی دیکە بەخشینی بەو کەسانەی کە 35 ساڵ لەژێر سایەی ڕژێمی پێشوو، زەوییەکانیان داگیرکرد بوو. بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتانەش ، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راسپێردراوە سەردانی بەغدا بکات .

داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکەین کە ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر، بە پێی ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانەی پێیدراوە، تا ڕێگری لە هەندێک لە ئیدارە خۆجێیەکان بکات، کە لە درێژەدان بەم جۆرە سیاسەتە بوەستن. هەروەک پێویستە بڕیاری دوورخستنەوەی هێزە سەربازییەکان بدات لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە سیاسەتە و بەکارهێنانیان لەم پرۆسەیەدا. دووپاتیش لە داواکارییەکانمان دەکەینەوە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە و جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور. هەروەها داواش لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکەین کە بەپەلە هەوڵی خۆی بدات بۆ ڕێگریکردن لەو پێشێلکارییە ترسناکانەی کە دەرهەق بە خەڵکی رەسەنی ئەو ناوچانە دەکرێت لە لایەن ئیدارە خۆجێیەکانەوە.

 سەپاندنی ئەو جۆرە سیاسەت وڕەفتارانە، هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانە دەکات کە پێچەوانەی خواستی ئێمەیە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و برایانەی نێوان هەموو پێکهاتەکان.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2020/9/22

H.B