پەرلەمانتارێكی كورد داوای چارەسەری دۆخی كۆڵبەران دەكات

لە مانگێكدا 31 كۆڵبەر لە رۆژھەڵاتی كوردستان كوژراون و برینداربوونە

K24 – ھەولێر:

پەرلەمانتارێكی كورد لە ئێران ئاشكرای ده‌كات، كوشتنى كۆڵبەران لە رۆژەھەڵاتی كوردستان بەردەوامە و ژمارەی كوژراوان و بریندارانى ساڵی رابروو زۆرە و دەبێت ئەم كوشتنەی كۆڵبەران رابگیرێت.

نوێنەری مەھاباد لە پەرلەمانی ئێران گوتی: لە ساڵی رابردوودا 166 كۆڵبەر بە فیشەكی ھێزە ئەمنییەكان كوژراون و بریندار بوونە، ھەربۆیە داوا لە حكومەتی ئێران دەكات، چارەسەرێك بۆ دۆخی كۆڵبەران بدۆزێتەوە.

جەلال مەحمود زادە، نوێنەری خەڵكی مەھاباد لە پەرلەمانی ئێران گوتی: بێكاری و ھەژاری وایكردووە، ئه‌م خەڵكە روو لە سنوورەكان بكەن، لەوێش لەپێناو بژێوی بە فیشەك دەكرێنە ئامانج.

لێدوانی ئەو پەرلەمانتارە لەكاتێكدایە، ماڵپەری ھەنگاو بۆ پرسەكانی مافه‌كانی مرۆڤ لە رۆژھەڵاتی كوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، تەنیا لە مانگی رابردوودا 31  كۆڵبەر و كاسبكار بەفیشەكی ھێزە ئەمنییەكانی ئێران بوونەتە قوربانی. ئێستا بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان ھەندێك پەرلەمانتاریشی ھێناوەتە ده‌نگ.

كەمال حوسێن پوور، نوێنەری پیرانشار و سەردەشت لە پەرلەمانی ئێران لەنامەیەكدا داوای له‌ سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە كرد، بەدواداچوونی بەپەلە بۆ دۆخی كۆڵبەران بكات، داواشی كردووه‌، كوشتنی كۆڵبەران ده‌بێ وەكو تاوان سەیر بكرێت و تاوانبارانیش بەسزای خۆیان بگەیەنرێن.

ئێستا پرۆژەی رێكخستنی كاری كۆڵبەری لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێرانە، ئەوانیش تاكو ئێستا كۆڵبەران بە قاچاخچی ناودەبەن.

عوسمان موزەیەن، پارێزەر گوتی: كۆڵبەریكردن پیشە نییە و تەنیا كارێكی ناچارییه‌ بۆ بژێوی و بەپێی یاساكانی ئێرانیش نابێ ئەو كۆڵبەرانە بكوژرێن، چونكە ھیچ تاوانێكیان نەكردووە و ھیچ بڕیارێكی دادگاشیان لەسەر نییە.

لەگەڵ ھەمووی ئەوانەش ژمارەیەك پەرلەمانتار داوایان لە حه‌سه‌ن روحانی و وەزیری ناوخۆی ئێران كردووە، تەقەكردن لە كۆڵبەران رابگرن، یان ده‌رفه‌تی كاریان بۆ بڕه‌خسێنن، یاخود به‌ یاسا كاری كۆڵبه‌ری رێكبخەنەوە.