13 براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئابووری پشتیوانی له ركابه‌ره‌كه‌ی تره‌مپ ده‌كه‌ن
K24- هه‌ولێر:
13 پسپۆڕی براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ له‌بواری ئابووری پشتیوانی خۆیان بۆ جۆ بایدن، كاندیدی دیموكراتخوازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوكات ركابه‌ره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و وڵاته ده‌ربڕی.
له نامه‌یه‌كدا كه له‌لایه‌ن كه‌مپینی پشتیوانی بایدنه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه و واژووی ئه‌و 13 پسپۆڕه‌ی له‌سه‌ره، جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه، پشتگیری له پلانی ئابووری به‌ربژێری دیموكراته‌كان ده‌كه‌ن و ئاماژه‌یان به‌وه داوه، كارنامه و پلانی جۆ بایدن گه‌شه‌ی ئابووری ئه‌مه‌ریكا خێراتر ده‌كات و هێز و پێگه‌یه‌كی باشتری پێ ده‌دات.
له نامه‌ی ئه‌و ئابووریناسه ئه‌مه‌ریكییانه‌دا هاتووه، "له‌كاتێكدا هه‌ر یه‌كێك له ئێمه دید و بۆچوونی جیاوازمان بۆ ناوه‌ڕۆكی سیاسه‌ته‌كانی ئابووری جۆراوجۆر هه‌یه، به‌ڵام هه‌موومان له‌و خاڵه‌دا هاوڕاین، كه پلانه ئابوورییه‌كه‌ی بایدن گشتگیره و ته‌ندروستی گه‌له‌كه‌مان باشتر ده‌كات و وه‌به‌رهێنان، به‌رده‌وامی، خۆڕاگری و ده‌رفه‌تی كار بۆ خه‌ڵكی ئێمه گه‌شه‌ی پێ ده‌دات، هه‌روه‌ك زۆر له‌و سیاسه‌ته ناجددییه باشتر ده‌بێت، كه تره‌مپ بۆ ئابووری په‌یڕوی ده‌كات".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، بڕیاره رۆژی سێشه‌ممه، 3ی مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی له ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه بچێت، كه له مێژووی ئه‌م وڵاته‌دا 50ـه‌مین هه‌ڵبژاردنه.
سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی The Hill
H.B