ھەرێمی كوردستان پێداگیری لە جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەكات

ھۆشداری لە بەردەوامی دۆخی سەربازی كەركووك دەدرێت
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

عەرەبە هاوردەکان بە پاڵپشتی  پۆلیسی فيدرالى عێراق و پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووك لە ناوچە کوردستانیەکان هەر جارەو لە ناوچەیەکی کەرکووك هەوڵ بۆ داگیرکردنی زەوی و گوندێکی کوردستانیان دەدەن، هاووڵاتیانش بە دار و بەرد رێگە لە داگیركردنی زەویەکانیان دەگرن، ئەمە سەرەرای ئەوەی پەرلەمان و حکومەتی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووکیان داوه‌، بەڵام تەعريب و داگیرکارى بەردەوامە. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقيش دەڵێت: نوسراویان بۆ وەزارەتی بەرگری و حەشدی شەعبی کردووە، هێزەکانیان لەو شوێنانە ئاگادار بکەنەوە پابەندی بڕیارەکەی پەرلەمان بن، دەشڵێت: تا ئێستا لیژنە باڵاکەی حکومەت بۆ چارەسەری زەویە کشتوکاڵیەکان هیچ کارێکی نەکردوە.

حكومەتی ھەرێمی كوردستان كار بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان دەكات، باشترین چارەسەریش بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی ماددەی 140 ی دەستووری عێراقە، بە تایبەت دۆخی پارێزگای کەرکووك و دەوروبەری. ھەروەھا دوورخستنەوەی پارێزگاری سەپێندراوی شارەکە و لابردنی واقیعی سەپێندراوی ئەمنی، ئیداری، سەربازی و دیمۆگرافی دوای 16 ی ئۆکتۆبەر.

جوان یونس، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: ئه‌گه‌ر دۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانییه‌كانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەم شێوەیە بمێنێتەوە، ئەوا رووداوی نەخوازراوی لێدەكەوێتەوە و جێبەجێكردنی مادەی 140 یش بە باشترین رێگا دەزانین و پێمانوایە پارێزگاری سەپێندراوی ئێستای كەركووك ھۆكاری سەرەكییە بۆ ئەوەی عەرەبە ھاوردەكان ھەوڵی داگیریكردنی زەوی و ماڵی ھاووڵاتییانی كورد بدەن.

رێباز بێرکۆتی، کادیری باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان گوتی: ئێستا مەترسی تەعریب زیاتر لە پێشوو بە کەرکووکەوە دیارە، چونکە پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووك ھەموو دەرگاکانی بۆ عەرەبە ھاوردەکان واڵا کردووە، بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئەو دۆخەش یەکڕیزی نێوان لایەنە کوردستانیەکان بە باشترین بژاردە دەزاندرێت.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە جددی کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان دەکات، ئێستا ھەنگاوی کردەیی لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەستی پێکردووە، ئەم پرسە تەوەرێکی گفتوگۆکانی نێوان ھەولێر و بەغدایە، چونکە بە لای حکومەتی ھەرێم بەردەوامی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لەو ناوچانە ھەیە، جێگای قبوڵکردن نییە.