بەهۆی مەترسیی بوونی بۆمب، بورجی ئیفڵ چۆڵکرا

تیمەکان خەریکی پشکنینن

 K24 - هەولێر

دیارترین مۆنیومێنتی فەرەنسا، کە بورجی ئیفڵە لە پاریس، ئەمڕۆ لەگەڵ چەند گەڕەکێکی نزیکی بەهۆی مەترسیی بوونی بۆمبێک چۆڵکران.

کاتژمێر 11:00ـی ئەمڕۆ بە کاتی پاریس (12:00 بە کاتی هەولێر) پۆلیسی پاریس ئاگادارکرایەوە لە بوونی بۆمبێک لەنێو بورجی ئیفڵ.

میدیاکانی فەرەنسا لە زاری سەرچاوەکانیانەوە دەڵێن "پۆلیس لە کەسێکی نەناسراوەوە پەیوەندیی پێوە کراوە و ئاگادارکراوەتە لە بوونی بۆمبەکە لەنێو بورجی ئیفڵ، ئێستاش تیمەکان خەریکی پشکنین و گەڕانن بەدوای ئەو بۆمبەدا".

لەپێناو پاراستنی گیانی خەڵک، لە ئەگەری راستیی هەواڵەکە و بوونی بۆمب، پۆلیس بورجی ئیفڵ و چەند گەڕەکێکی دەوری بورجەکەیان بە خەڵک چۆڵکردووە و پشتێنەیەکی ئەمنییان لە ناوچەکە دروستکردووە.

سەرچاوە: le parisien

هـ.ر.