ئەمریكا: ئێران گەورەترین پشتیوانی تیرۆرە

K24 – ھەولێر:
حەسەن رۆحانی، سەرۆككۆماری ئێران لە گوتارەكەی خۆیدا لە كۆبوونەوەی ساڵانەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگهیاند، نە شەڕ لە ئەمەریكا قبووڵ دەكەن و نە ملكەچی داواكانیشی دەبن. ھاوكات راشیگەیاند، ئێران نابێتە هۆكارێك بۆ بانگەشەكانی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا.
حەسەن رۆحانی، سەرۆككۆماری ئێران گوتی:" ئێمە كەرەستەی بانگەشەی ناوخۆیی ھەڵبژاردنی ئەمەریكا نین، ھەر كابینەیەك لە ئەمەریكا بێتە سەر كار، بەناچاری ملكەچی ئارامگرتنی ئێمە دەبێت. ئەمەریكا نە دەتوانێت شەڕمان بەسەردا بسەپێنێت و نەدەتوانێ گفتوگۆمان بەسەردا بسەپێنێت. ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەبێ لەبەرامبەر سیاسەتی تاكڕەوانەی ئەمەریكا بوهستێتهوه و سەردەمی تاكڕەوی كۆتایی ھاتووە".
لەگەڵ تەواوبوونی گوتارەكەی رۆحانی، كهیلی كرافت، نوێنەری ئەمەریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند، رۆحانی لەكاتێكدا باس لە پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان دەكات، كە وڵاتەكەی گەورەترین پشتیوانی تیرۆره لە ناوچەكه و جیھاندا.
ههروهها مۆرگان ئۆرتێگاس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش لە تویتێكدا گوتی: خۆزگە دەخوازم نیازی سەرۆككۆماری ئێران بۆ ئاشتی راست بێت. بەگوتەی ئۆرتێگاس، ئێران لە 2012ـهوە تاوهكو ئێستا 16 ملیار دۆلاری بۆ پشتیوانی لە تیرۆر و ھاوبەشەكانی خەرج كردووە و دەیتوانی ئەو پارەیە بۆ هاووڵاتیانی خۆی خەرج بكات.
ههر له گوتارهكهیدا، حەسەن روحانی رهخنهی گرت لەوەی گەمارۆكانی ئەمەریكا خەڵكی ئاسایی وڵاتەكەی كردووەتە ئامانج و پێی لەسەر ملی ئەوان و ھەموو نەتەوە ئازادیخوازەكان داناوە. بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە وەڵامی قسەكانی سەرۆككۆماری ئێراندا رایگەیاند، گەمارۆكانی ئەمەریكا، تیرۆر، پرۆژەی موشەكی و بەرپرسە گەندەڵەكانی ئێرانی كردووەتە ئامانج نەك خەڵكی ئاسایی.