زاگرۆس فه‌تاح: رێككەوتنمان بۆ یاسای بودجەی 2020ی عێراق دەبێتە بنەما بۆ بودجەی ھەر سێ ساڵی داھاتوو

هه‌وڵی زیادكردنی داهات ده‌ده‌ین
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

بریكاری وه‌زاره‌تی پلاندانان و ئەندامی ھەردوو لیژنەی دانوستانكار و لیژنەی تەكنیكی لە گفتوگۆكانی نێوان ھەولێر و بەغدا لە میانی بەشداریكردنی لە ژووری ھەواڵەكانی كوردستان24 رایگەیاند، رێككەوتنمان  بۆ یاسای بودجەی 2020 ی عێراق دەبێتە بنەما بۆ بودجەی ھەر سێ ساڵی داھاتوو.

زاگرۆس فەتاح ئەندامی ھەردوو لیژنەی دانوستانكار و لیژنەی تەكنیكی لە گفتوگۆكانی نێوان ھەولێر و بەغدا گوتی: دوو لیژنەی گفتوگۆكان لە بەغدا ھەیە، یەكێكیان لیژنەی تەكنیكییە و كار لەسەر ستراتیجیەتی بودجە دەكات بۆ ھەر سێ ساڵی داھاتوو 2021 ،2022 و2023 لە سەر بنەمای یاسای دارایی گشتی عێراق، كە لە ساڵی 2019 دەرچووە. بەپێی ئەو یاسایە دەبێت لەمەودوا ستراتیجیەتی سێ ساڵی بودجە ئامادە بكرێت و تەنھا بودجە بۆ ساڵێك ئامادە نەكرێت. بۆیە ھەر رێككەوتنێك بكرێت بۆ ماوەی سێ ساڵە. وەزارەتی دارای حكومەتی ھەرێم وەك لایەنی بەرپرس لە ئامادەكردنی ئەم ستراتیجییەتە، دەبێت لەگەڵ ھەموو لایەنەكانی حكومەتی عێراق دانیشێت لە وەزارەتی دارایی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەم پرۆسەیە. وەزارەتی دارایی عێراق بۆ داڕشتنی بودجە پەیوەندی لەگەڵ ھەموو وەزارەت و دەزگاكانی حكومەتی عێراق دەكات و یەكێك لەو لایەنانەش حكومەتی ھەرێم كوردستانە. بۆیەش حكومەتی ھەرێم لە كۆتایی مانگی رابردوو بەشدارە لەو كۆبوونەوانەی وەزارەتی دارایی عێراقدا. هه‌فتەی داھاتوو، رۆژی دووشەممە، 28/9 دوا كۆبوونەوە دەبێت بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە بۆ تەواوكردنی بودجە.

گوتیشی: لە كۆبوونەوەی رابردوو، وەزارەتەكانی عێراق كێشەكانی خۆیان خستەڕوو، كەوا لە شەش ساڵی رابردوو نەیانتوانیوە ھیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیان بگەیەنن و ئێستا 6 ھەزار پڕۆژەیان ھەیە، كە وەستاون و پارەیان بۆ خەرج نەكراوە. من نموونەی وەزارەتی پەروەردەی عێراقتان بۆ ده‌هێنمەوە، كە نوێنەریان باسی ستراتیجییەت و كێشەكانی وەزارەتی پەروەردەیان دەكرد لە حكومەتی فیدراڵدا و دەیانگوت، قوتابخانەیان ھەیە كە چوار دەوامی تێدا دەكرێت. تەنانەت نموونەی ئەوەیان ھێنایەوە كەوا دەبێت ئەوان ئەو مۆدیلەی ھەرێمی كوردستان پەیڕەو بكەن، كە كابینەی نۆیەم جێبەجیێكردووە، لەوەی حكومەتی ھەرێم بڕیاریدا ئەو پڕۆژانەی 85% تەواو بووە و پارەداریان بكەین بۆ ئەوەی تەواو بكرێن و دواتر قۆناغ بە قۆناغ ئەوانەی دیكە. تەنھا لە كابینەی نۆیەم توانیومانە 207 ملیار دینار خەرج بكەین بۆ پڕۆژەكان ھەرچەندە باری دارایی ئێمە زۆر زۆر خراپتر بووە لە عێراق، بەڵام ئێمە توانیومانە ھەندێك پارە خەرج بكەین بۆ پڕۆژەكان. بەگشتی ئەم لیژنە تەكنیكییە لە سەر ئەمە كار دەكات ئامار و پێداویستییەكانی ھەرێم پێشكەش دەكەین. بەڵام بۆ ئەوەی ئێمە دانوستانەكانمان لەگەڵ عێراق تەوا بكەین پێویستیمان بە رێككەوتنی سیاسییە. رێككەوتنی سیاسیش لیژنەیەكی دانووستانی ھەیە بە سەرۆكایەتی جێگری سەۆكی حكومەت.

سەبارەت بە ئەنجامی دانووستانەكانی لیژنەی دانوستانكار ئاشكرایكرد: سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت توانیویانە لەگەڵ بەغدا بگەن به‌ تێگەیشتنێك، كە بە لێكتێگەیشتنی 15/8/2020 ناسراوە. مانگی داھاتووش بەغدا 320 ملیار دینار دەنێرن بەرامبەر بەوەی ئێمە 250 ھەزار بەرمیل نەوت بدەین بە حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ 50% داهاتی خاڵه‌ سنوورییه‌كان. ئەم رێكەوتنە بووەتە بەشێك لە بودجەی 2020 ئێستا لە پەرلەمانی عێراقە. ئەگەر ئەم یاسای بودجەیەی 2020 لە پەرلەمان دەنگی تەواو بەدەست بهێنێت، ئەوە دەبێتە بنەمایەك بۆ رێككەوتنی ھەر سێ ساڵی داھاتوو.

گوتیشی: ئەو 320 ملیار دیناره‌ بەپێی نرخی نەوت دانراوە ئەگەر نرخی نەوت بەرزبێتەوە، ئەو رێژەیەی ھەرێمیش لە شایستە داراییەكان بەرز دەبێتەوە.

راستە ئەم پارەیە ئێستا بەش ناكات، بەڵام ئێمە ھەندێك داھاتی دیكەی نەوتی و نا نەوتیمان ھەیە لەگەڵ 50% گومركەكان ھەوڵ دەده‌ین بودجەی خۆمان و پێداویستییەكانی خۆمانی پێدابین بكەین. چونكە نرخی نەوت كەمە ئێمە ناچارین دەست بە پارەوە بگرین و رێـژەیەك لە مووچەكان كەم بكەینەوە و ھەر داھاتێكیشمان دەستكەوێت ھەوڵدەین ئەو كەمكردنەوە نەهێڵین. ھیوادارین لەكۆتای ئەم ساڵ و ساڵی داھاتوو بتوانین مووچە بەڕێژەیەكی باشتر بدەین.

سەبارەت بە رێژەی 21% روونیكردەوە: ئەم رێژەیە جێگیر نییە بەپێی داھاتە، ھەر كە داھات زیادیكرد، ئەم رێژەیە كەمتر دەبێت. بەڵام لە حكومەتدا ئێمە چاوەڕی ئەوە ناكەین، چونكە حكومەت خەریكی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییە و بەپێی ئەو یاسایە لە زۆر بوار لەوانەی پارەمان دەستكەوێتەوە. ھەروەھا لە ھەوڵداین بۆ زیادكردنی داھاتی خۆمان.

لەبارەی ئایا حكومەتی عێراق جارێكی دیكە پەنا بۆ بڕینی قوتی ھاووڵاتیانی ھەرێم نابات لە ھەڵوێستە سییاسیەكانیدا، زاگرۆس فەتاح گوتی: ئێمە لە سەر دوو بنەما لێكتێگەیشتنەكەمان كردووە، یەكەمیان دەستوور و ئەوەی دیكەیشیان یاسای دارایی گشتی عێراقە، كە لەھەردووكیاندا باس لەوە دەكرێت، حكومەتی عێراق نابێت بیرۆكەی سیاسی خۆیان بسەپێنن بەسەر ھەرێمی كوردستان و ببێتە ھۆی بڕینی قوت و مووچە خەڵك.

له‌ باره‌ی گەیشتنی 320 ملیارەكەی ئەم مانگە، زاگرۆس فه‌تاح گوتی: ھێشتا نەگەیشتوە، چونكە ھەر كاتێك عێراق مووچەی بۆ كارمەندانی خۆی خەرج كرد بۆ ھەرێمیش خەرج دەكات، بەڵام ئەوانیش كێشەیان ھەیە و ئەوە 40 رۆژە مووچە نەدراوە و ئەوان خەریكی كۆكردنەوە داھاتەكانیانن بۆ دابینكردنی مووچە. ھیوادارین لە  زووترین كاتدا دابینی بكەن.