لە سنووری دهۆک کارگەیەک دۆزرایەوە مێژووەکەی بۆ 1500 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە

تائێستا شوێنەواری هاوشێوە لە کوردستان و عێراقیش نەدۆزراوەتەوە

K24 - دهۆک

کارگەیەکی دروستکردنی بۆڕی کە لە ئاودێریدا بەکارهاتووە و مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 1500 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، لە سنووری پارێزگای دهۆک دۆزرایەوە،

ئەمە یەکەمین شوێنەوار نییە لە سنووری پارێزگای دهۆک بدۆزرێتەوە، بەتایبەتی لەو شوێنەی ئێستا دەوروبەری بەنداوی موسڵە، بەڵام یەکەمین شوێنەواری هاوشێوەیە و پێشتر هیچ کارگەیەکی وەها لە کوردستان و لە عێراقیش نەدۆزراوەتەوە.

د. حەسەن ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری پارێزگای دهۆک لەمبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەمە یەکێکە لە شوێنەوارە دەگمەنەکان لە ئەندازیاریی ئاودێری، کە پێش ئێستا نەدۆزراوەتەوە. ئێرە فڕن و شوێنی دروستکردنی کەرەستەی ئاودێری بووە و بۆڕییەکانی ئاودێری لەو کارگەیە دروستکراون".

لەمێژە مێژوونووسان باس لەوە دەکەن "کوردستان لانکەی شارستانییەتە" ئەو دۆزینەوەیەش زیاتر قسەکەیان پشتڕاست دەکاتەوە.

د. حەسەن ئەحمەد باس لەوە دەکات "کوردستان لەو سەردەمەدا یەکێک بووە لە وڵاتە زۆر پێشکەوتووەکان زۆر داهێنانی مرۆڤایەتی لەسەر ئەو خاکە بووە... هێشتا لێکۆڵینەوەکانمان لەبارەی ئەو شوێنەوارە کۆتاییان نەهاتووە و ناتوانین بڵێین بەدیاریکراوی بۆ کەی دەگەڕێتەوە، بەڵام دەتوانین بڵێین لە 1500 ساڵ کۆنترە، کە رەنگە کۆنتریش بێت".

تیمەکانی لێکۆڵینەوە کە لەو شوێنە خەریکی کنە و پشکنینن، کوردن و سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆکن. د. حەسەن باس لەوە دەکات "تیمی ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە، خۆمان کنە و پشکنینمان ئەنجامداوە، بەڵام بێگومان بۆ بابەتی تاقیگە پێویستیمان بە شارەزایانی بیانی دەبێت لەپێناو دیاریکردنی مێژووەکەی".

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری پارێزگای دهۆک هەروەها جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئەم دەڤەرە، دەڤەرێکی ستراتیژییە لە چاخەکانی کۆن، چونکە رێگەی گرێدانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا بووە، بۆیە زۆر شوێنەواری دیکەشی لێ دۆزراوەتەوە''.

ئەو شوێنە دەکەوێتە نزیک ماڵەکانی شارۆچکەی فەیدیە لە سنووری پارێزگای دهۆک، ماوەیەک پێش ئێستا جووتیارێک لەکاتی کارکردندا دۆزیویەتییەوە و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆکی لێ ئاگادار کردووەتەوە.

هـ.ر.