پۆمپێیۆ ھۆشداری توند دەداتە توركیا

نزیکبوونەوەی هواوی و تورکیا هەڕەشەیە لەسەر هێزی سەربازی ئەمریکا لە تورکیا

K24 – ھەولێر

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا لە بارەی ھاوكاری بازرگانی نێوان توركیا و چین هۆشدارییەکی توند دەداتە ئەنقەرە.

دوای زیادبوونی كاری وەبەرهێنانی و هاوبەشی نێوان حکومەتی تورکیا و کۆمپانیای هواوی چینی، مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا بە رۆژنامەی "واشنتن ئێکزامینەری" راگەیاندووە؛ تورکیا داتای زۆری خستووەتە بەردەست کۆمپانیای هواوی و واتە، داتاکان گەیشتوونەتە دەست حزبی کۆمۆنیستی چینی، ئەمەش كێشە دێنێتەكایەوە.

پۆمپێیۆ گوتی: نزیکبوونەوەی هواوی و حکومەتی تورکیا هەڕەشە لەسەر ھەبوونی هێزی سەربازی ئەمه‌ریکا لە تورکیا درووست دەکات.

سەرەڕای ناکۆکییەکانی نێوان واشنتن و په‌كین، ئێستا فرۆشتنی بەرھەمەكانی کۆمپانیا چینییەکە لە پلەی دووەمی بەرھەمە پڕفرۆشەکانی تورکیا دێت.