گرانی و بەرزبوونی رێژه‌ی ھەڵاوسان كاریگەری لەسەر خانەنشینكراوانی ئێران داناوە

خانەنشینكراوانی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان داوای زیادكردنی مووچەكەیان دەكەن

K24 – ھەولێر:

گرانی و دابەزینی بەھای تومەن كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ژیانی خانەنشینكراوانی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان داناوە، بەشێوەیەك، كە خانەنشینكراوێكی شاری سنە دەڵێ ئەو مووچەیەی ئێستا وەریدەگرن، بەشی  پێداویستییە سەرەتاییەكانی یەك ھەفتەشیان ناكات.

دوای 30 ساڵ كردن، ئێستا لە ھەموو كات زیاتر نیگەران و خەمبارن. گرانی و ھەڵاوسان لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان وایكردووە، مووچەی خانەنشینان بەشی یەك ھەفتەی خەرجی بنەماڵەیەكی 5  كەسی نەكات. بەشی زۆری خانەنشینان لە رۆژھەڵاتی كوردستان مانگانە 2  بۆ 2  ملیۆن و 500  ھەزار تومەن وەردەگرن، كە بە بەھای ئێستای دۆلار لەبەرامبەر تومەندا كەمتر لە سەد دۆلار دەكات.

لە ھەر پێنج پارێزگای رۆژھەڵاتی كوردستان نزیكەی 500 ھەزار خانەنشینی حكومی و كەرتی تایبەت ھەن، ئەوان دەڵێن: 10 ساڵ پێش ئێستا یەك لەسەر دەی مووچەی ئێستایان وەردەگرت و بەشی دەكردن؛ بەڵام ئێستا دابەزینی بەھای تومەن و گرانی وایكردووە ئەو مووچەیە بەشی پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیانیشیان ناكات.

بەپێی دوایین ئاماری فەرمی ھەر خێزانێكی 5 كەسی لەئێران ئەگەر داھاتی مانگانەی لە 5 ملیۆن تومەن كەمتر بێت، ئەوا لەژێر ھێڵی ھەژاریدان. بەم شێوەیە زیاتر لە 80%ی خانەنشینكراوانی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان لەژێر ھێڵی ھەژاریدان.