راپەڕین.. پڕۆژەكانی حكومەت لە بواری رێگاوبان

رێگەی چەند گوندێكی كۆیە قیڕ دەكرێت
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

لەماوەی ساڵێکدا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بە گوژمەی زیاتر لە شەش ملیار دینار، پڕۆژەی قیڕتاوکردن و نوژەنکردنەوەی رێگاوبانەکانی سنووری قەزای کۆیە جێبەجێکردوە.

کۆسار حەمە ساڵح، بەڕێوبەری ئاوەدانکردنەوەی کۆیە گوتی: دۆخی رێگاو بانەکانی کۆیە ئێستا بە بەراورد لەگەڵ رابردوو لە دۆخێکی زۆر باشتردان و ھەوڵدەدەین پڕۆژەی زیاتری رێگاو بان درووستبکەین.

له‌ گوندی قۆریتانی ده‌شتی كۆیه‌، دانیشتوانه‌كه‌ 47 شەھیدیان هه‌یه‌ و سێ جار  خەڵكی گوندەکە بەر شاڵاوی سووتان و ڕاگواستن ھاتوون؛ بەڵام تا ئێستا رێگای گوندەکە قیرتاو نەکراوە. وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بڕیاری قیرکردنی رێگای گوندەکەی خستە بواری جێبەجێکردن و سەرەتای ھەفتەی داھاتوو قیرکردنی رێگاکە کۆتایی دێت.

خراپی رێگای گوندەکان ئاستەنگی لەبەردەم ئاوەدان کردنەوەیان داناوە، قۆریتان ئێستا 15 ماڵە.

دارەوان حاجی رەزا، دانیشتووی گوند: گوتی: قیرکردنی رێگاکە کارئاسانی دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتر و گەڕانەوەی زیاتری خەڵکەکەی.

لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا، کابینەی نۆیەمی حکومەت بڕیاری نوژەنکردنەوەی زۆرینەی رێگاکانی دەرەوەی شاریدا. کۆتایی ساڵی رابردوو بە گوژمەی شەش ملیار دینار، حکومەت پڕۆژەی نوژەنکردنەوەی رێگاکانی سنووری کۆیەی جێبەجێکردووە.

دوای قیرکردنی رێگای گوندی قۆریتان، بڕیارە لە ھەفتەی داھاتوو قیرکردنی رێگای حەسار و گوندی بۆگد لەدەشتی کۆیە دەست پێ بکات.