حكومه‌ت فرۆشتن و به‌ كرێدانی موڵكه‌كانی به‌ یاسا رێكده‌خات

یاساکە و جێبەجێکردنی؛ دەبێتە هۆی شەفافیەت و زیادکردنی داهات
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

کابینەی نۆیەم هەنگاوێکی دیکەی جێبەجێكردنى ياساى چاکسازی دەستپێكرد. ئه‌ویش چاکسازی لە فرۆشتن و بە کرێدانی موڵکەکانیه‌تی و پڕۆژەیەکی لەو بارەوه ناردووەتە پەرلەمانى كوردستان.  لیژنەی دارایی پەرلەمانيش سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتێكن بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.

پڕۆژەکە لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەمە بەپێ ئەم پڕۆژەیە فرۆشتن و بە کرێدانی موڵک بە یاسا رێک دەخرێت و بە  شێوەی ئاشکراش دەفرۆشرێت و دوو لیژنەش بۆ بەکرێدان یان فرۆشتنی هەر موڵکێک پێک دەهێنرێت کە لیژنەیەکیان نرخەکەی دەخەمڵێنێت و لیژنەی دووەميش بەکرێی دەدات یان دەیفرۆشێت و ئەندامانی ئەو لیژنەیەش دەوری دەبن.

بەپێ ئەم پڕۆژەیە ئەو موڵکانە دەگرێتەوە کە ناگوازرێنەوە، وەک زەوی و باڵەخانە ئەو موڵکانەشى دەگوازرێنەوە، کە دەکاتە ئۆتۆمبێلەکانی حکومەت نرخی هەر موڵکێکی حکومەت نابێت کەمتربێت لەسەدا 80ی نرخی بازار.

پڕۆژە یاساکە لە 43 ماددە پێکهاتووە. خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە. دەرکردنی یاساکە و جێبەجێکردنی؛ جگە لەوەی دەبێتە هۆی شەفافیەت هۆکارێکیشە بۆ زیادکردنی داهات، بۆ لەمەودواش هیچ دامەزراوه‌یەکی حکومەت له دەرەوەى ياساكه ناتوانێـت موڵکەکانی بەکرێ بدات یان بيفرۆشێت.