پەیامی نوێی ریفراندۆم: "خۆناچه‌مێنین"

جۆش و خرۆشی "بەڵی بۆ سەربەخۆی كوردستان" ھێشتا ھەر دەنگدەداتەوە

K24 - ھەولێر:

لە یادی سێ ساڵەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا، سەرۆک بارزانی لە تویتێکدا نووسیویەتی: "خۆ ناچەمێنین" ئەم پەیامەش وه‌ڵامێكی رۆژگاری دوای ریفراندۆم و ئایندەش بە خۆیەوە دەگرێت و دەربڕین لە ناخی دەنگدەرانی "بەڵی بۆ سەربەخۆی كوردستان" دەكات، كە تا ئێستا ھەر بەجۆش و خرۆشەوە سوورن لە سەر ئەنجامەكانی ریفراندۆم.

سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی، کەچی لایەنەكانی بەشدار لە سەرخستنی پڕۆسەکە پەشیمان نین و جەخت لە یاسایی و دەستووریی پڕۆسەکە دەکەنەوە..

25 ئەیلوول، سێ ساڵەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، مەزنترین رۆژی خەباتی رزگاری خوازی گەلی کورد، گرانبەھاترین دەستکەوت، لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی ھاووڵاتیانی کوردستان. شانازیشە بۆ ھەموو ئەو لایەنانەی بەشداربوون، لە دەرکردنی بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆی و لێیپەشیمان نەبوونەوە.

پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆی کوردستان، زۆرێک لە وڵاتانی زلھێز و کاریگەر، بە شاندی باڵا سەردانی سەرۆک بارزانییان کرد، بۆ ئەوەی سەرۆک بارزانی لە ئەنجامدانی ریفراندۆم پەشیمان بکەنەوە، بەڵام سەرۆک بارزانی نەیھێشت ئیرادەی گەلی کوردستان بشکێت و ریفراندۆم بە بیانووی جیاجیا ئەنجام نەدرێت.

ریفراندۆم وەکو پرسێکی نیشتمانی گرنگ سەیر دەکرا، ئەگەرچی گروپێک لەناو چەند لایەنێکی بەشدار لەو بڕیارە پاشگەزبوونەوە، بەڵام ئەمە کاریگەری لەسەر حیزبەکانیان نەکرد، پاشەکشە لە ریفراندۆم بکەن، چونکە بەشێکی ئەو لایەنانە درووشمیان مافی چارەی خۆنووسینە.

ھەموو ئەو لایەنانەی پشتگیریان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم کرد، کەسی یەکەمیان بەشداربوون لە ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم، بۆچوونی جیاواز ھەبوو بەڵام پرسەکە گەورەتر سەیر دەکرا.

پێکھاتەکانی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان، بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆی کوردستان کۆدەنگ بوون، ھەرزوو بۆیان دەرکەوت لە داھاتوو مافەکانیان پارێزراوتر دەبێت.

لە 25 ئەیلوولی 2017 لە%93ی خەڵکی کوردستان، دەنگی بەڵییان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا، گەلی کوردستان توانی بە رێگەیەکی ئاشتیانە، دەنگ و ویستی خۆی بۆ سەربەخۆیی، بە ھەموو جیھان بگەیەنێت.