كوردی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان باس له‌ گرنگی ریفراندۆم ده‌كه‌ن

"ریفراندۆم دەنگی 50 ملیۆن كورد بوو"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

ئەنجامی ریفراندۆمی كوردستان كلیلی سەربەخۆیی كوردستانە، ئەم دروشمە سەرجەم كوردەكانی ھەر چوار پارچەی كوردستان و رووسیاشی كۆكردووەتەوە، ئەوان ھەموویان بە یەك ئامانج و لە ژێر یەك ئاڵا یادی گرینگترین پرسی نەتەوەیی دەكەنەوە، كوردانی رۆژھەڵات ریفراندۆم بە زیندووكردنەوەی یادی كۆماری كوردستان لە قەڵەم دەدەن.

ساڵح قادری، نوێنەری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئیران له‌و باره‌یه‌وه‌، رایگه‌یاند، ئەگەرچی كورد لە سەرجەم پارچەكانی كوردستان چەندین حزب و لایەنی سیاسی ھەیە، بەڵام ھەموویان چاویان لە رێفراندۆم بووە و سەرۆك بارزانیش بە ئاڵا ھەڵگری ئەو رێگایە لە قەڵەم دەدەن.

زانا سزەن، جێگری سەرۆكی پارتیا ماف و ئازادی لە باكووری كوردستان گوتی: ریفراندۆم گەرچی لە باشوور بوو؛ بەڵام دەنگی 50  ملیۆن كورد بوو.

رۆژی ریفراندۆم رۆژی ھەڵكردنی ئاڵای سەربەخۆیی و رۆژی ھاودەنگیە، ئەو رۆژە بیری سیاسی تاكی كورد بە دەوڵەتبوون بوو، ئەمڕۆ باشووری كوردستان باوەشی بۆ كوردان كردووەتەوە و كوردانی رۆژئاوای كوردستان ئەم یادە و رۆڵی سەرۆك بارزانی بە نوێگەری لە ھزری سیاسی كورد دەزانن.

لە وڵاتی رووسیاش زیاتر لە یەك میلیۆن كورد ھەیە و ئەوانیش پشتگیری خۆیان بۆ ریفراندۆم  دەربڕیوە. ئەو پرسە نەتەوەییە بە ھی ھەموو كوردێك دەزانن.

3 ساڵ بە سەر گەورەترین دەسكەوتی كورد تێدەپەرێ، كورد بە یەكگرتویی باسی یادەكە دەكەن و ھیواخوازن ساڵڕۆژی ریفراندۆم كە بە رزگاركەری كوردانی ھەر چوار پارچەكە ناو دەبرێت، ببێتە ھەوێنێك بۆ ئاشتی و یەكدەنگی و كلیلی راستەقینە بێت بۆ درووستبوونی دەوڵەتی كوردستان.