وەزارەتی پەروەردە ئەپڵیکەیشنێکی نوێ بۆ قوتابیان ئامادە دەكات

ئالان حەمە سەعید: سەکۆیەکی فراوانی ئەلیکترۆنی بۆ قوتابیان ئامادەکراوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەکۆیەکی فراوانیان بۆ قوتابیانی پۆلی سێ بنەڕەتی تا یازدە دروست کردووە و قوتابیان دەتوانن بە ئەپلیکەیشنێکی دیاریکراو، وانەکان بە شێوەی ئۆفلاین بخوێنن.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە بە كوردستان24ی راگەیاند، حکومەت نایەوێت ریسک بە ژیانی کوردستانیان بکات، هەربۆیە بڕیاری خوێندنی ئۆنلاینیان وەک قۆناغی یەکەم دراوە.

وەزیری پەروەردە روونیكردەوە: "ئەو سەكۆیە ئەلیكترۆنیەی دانراوە، مەرج نییە قوتابی لەكاتێكی دیاریكراو لەسەر كۆمپیوتەر و ئامێرە زیرەكەكان وانە بخوێنێت، بەڵكو قوتابی دەتوانێت لە رۆژدا ھەموو كاتێك بینەری وانەكانی بێت، كە بە ڤیدیۆ ئامادە دەكرێت، ھەروەھا مامۆستایان دەتوانن بینەری ئەوەبن كە قوتابیان تاچەند سەیری وانەكان دەكەن".

گوتیشی: "ئێمە ئەپڵیكەیشنی ئۆفلاینمان دروستكردووە، قوتابی دەتوانێت یەكجار ئینتەرنێت بەكاربێنێت، كاتێك ئەپڵیكەیشنەكەی دابەزاند دەتوانێت ھەموو ڤیدیۆكانی وانەكانی لەسەر كۆمپیوتەر یان مۆبایل دابەزێنێت".

ئەمڕۆ یەكشەممە 27/9/2020 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە قوتابخانەیەکی شارۆچکەی بەحرکەی نزیک هەولێر، زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و پرۆسەی خوێندنی 20202- 2021 لە پۆلی 12ـی ئامادەیی دەستیپێكرد.