"چاپکردنی دراو بەهای دینار کەمدەکاتەوە"

لێکەوتەی نەرێنی ئابووری بە دوای خۆیدا دەهێنێت

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رەتیکردووە، ئاراستەیەک هەبێت بۆ چاپکردنی دراوی نوێ بە مەبەستی دەستکەوتن بە کاشی پێویست بۆ خەرجییەکان، هۆشداریشیدا لەو هەنگاوە.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان 24ی رایگەیاند، هەر ئاراستەیەکی حکومەت بۆ چاپکردنی دراو، پێویستە پاڵپشت بێت بە یەدەگی دراو و زێڕ یاخود بەرهەمی ناوخۆ، بە پێچەوانەوە ئەو هەوڵە زیان بە دیناری عێراقی دەگەیەنێت و بەهاکەی کەمدەکاتەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی روونیشی دەکاتەوە، کە حکومەت تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ ئەو بابەتە نەناوە و لیژنەی داراییش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پشتگیری ئەو جۆرە بیرۆکەیە ناکات، چونکە لێکەوتەی نەرێنی ئابووری بە دوای خۆیدا دەهێنێت. 

ئاماژەی بەوەشدا، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە پێویستە هەموو سامانی وڵات بە ئەلیکترۆنی بکرێت، مووچەی فەرمانبەران لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە دابەشبکرێت، لە فرۆشگاکانیش ئامێر دابندرێت بۆ ئەوەی مووچە خۆرانە لە رێگەی کارتەکانیانەوە کەڵا بکڕن. 

جەمال کۆچەر گوتیشی، ئەو هەوڵە سوودی زۆری بۆ حکومەت دەبێت، وەک جووڵەی پارە ئاشکرا دەکات و پارەی کاش لەبەردەست حکومەتدا دەمێنێتەوە.

بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە جەمال کۆچەر دەڵێت، پێویستە سەرەتا متمانە بۆ بانکەکان بگەڕێتەوە و حکومەت قوربانی لە پێناوی بدات، هەروەها بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە دەبیت حکومەت داوای هاوکاری لە بانکێکی جیهانی بکات.