بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆبیت، پێویسته سه‌ربه‌خۆییت بوێت

Kurd24

بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆبیت، پێویسته سه‌ربه‌خۆییت بوێت. هه‌رچ شتێک نه‌ته‌وێت نه پێیده‌گه‌یت، نه ئاره‌زووشت هه‌یه هه‌وڵی پێگه‌یشتن و به‌ده‌ستگه‌یشتنی بۆ بده‌یت. هه‌رچ شتێک نه‌ته‌وێت، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت به دیارییش بۆت بهێنن، ئه‌وا نه نرخی پێده‌زانیت، نه ده‌شتوانێت به‌خته‌وره‌ت بکات. سه‌ربه‌خۆیی فێنۆمێنێکی سروشتییه، ده‌رکه‌وته‌یه‌کی سروشتییه. یاسای سروشتیش وه‌هایه، که هه‌میشه له سروشتدا بوونه‌کان له ناوه‌وه‌ ده‌ستپێده‌که‌ن، گه‌شه‌ ده‌که‌ن و به‌رهه‌میان ده‌بێت، نه‌ک له ده‌ره‌وه. ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی پابه‌نده به سروشتی تاکه‌وه، واتا تاک پێویسته له‌ناو خودی خۆیدا هه‌ڵگری ویستی ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی بێت، ده‌نا هیچ هه‌وڵدانێک له‌گه‌ڵیدا ناتوانێت باوه‌ڕی پێبهێنێت، که ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی پێویستییه‌کی نرخداری ژیانی ئه‌وه. تاک ناتوانێت داوای ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی بۆ که‌س بکات، ئه‌گه‌ر بێتو خودی خۆی ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی نه‌وێت. تاک ناتوانێت که‌سی خۆشبوێت، ئه‌گه‌ر بێتو، که ئه‌و خودی خۆی خۆشنه‌وێت، تاک ناتوانێت باوه‌ڕ به‌ که‌س بکات، ئه‌گه‌ر بێتو ئه‌و باوه‌ڕی به خۆی نه‌بێت ...هتد. یه‌کێک له چیرۆکه ده‌روونناسییه‌کانی سه‌رده‌م، که زۆر جێگای تێڕامان و سه‌رنجه، قسه له‌سه‌ر لیستێکی مردن ده‌کات، لیستێکی مردن، که ورچی دارستانێک ئاماده‌ی کردووه. ده‌نگۆی ئه‌م لیسته ئاژه‌ڵانی دارستان نائارام ده‌کات، هه‌ربۆیه ئاژه‌ڵان به ترسه‌وه یه‌ک له‌دوای یه‌ک ڕوو ده‌که‌نه ئه‌شکه‌وتی ورچه‌که و لێی ده‌پرسن، که ئاخۆ ئه‌وانیش له لیسته‌که‌یدان یاخوود نه‌خێر. سه‌ره‌تا ئاسکێک ده‌چێت و ده‌پرسێت، که ئاخۆ ئه‌ویش له لیستی مردنه‌که‌ی ورچدایه؟ ورچه‌که به شانازییه‌وه ته‌ماشای لیسته‌که‌ی ده‌کات و ده‌ڵێ، به‌ڵێ، تۆش له لیسته‌که‌مدایت. بۆ ڕۆژی ئاینده ئاسکه‌که ده‌کووژرێت و ده‌خورێت. پاشان به‌رازێک ده‌چێته لای ورچه‌که و ده‌پرسێت، که ئاخۆ ئه‌ویش له لیسته‌که‌یدایه؟ ورچه‌که به شانازییه‌وه ده‌ڵێ، به‌ڵێ تۆش له لیسته‌که‌مدایت. بۆ ڕۆژی ئاینده به‌رازه‌که‌ش ده‌کووژرێت و ده‌خورێت. به‌مشێوه‌یه ئاژه‌ڵانێکی زۆر ده‌پرسن و پاشان ده‌خورێن. ڕۆژێک که‌روێشکێک له ورچ ده‌پرسێت، که ئاخۆ ئه‌ویش له لیستی مردندایه؟ ورچه‌که ته‌ماشایه‌کی لیسته‌که‌ی ده‌کات و ده‌ڵێ، به‌ڵێ تۆش له لیسته‌که‌مدایت. که‌روێشکه‌که هه‌ڵوێسته‌یه‌ک ده‌کات و ده‌ڵێ، باشه ناتوانیت ناوی من له‌و لیسته‌دا بسڕیته‌وه؟ ورچه‌که ده‌ڵێ، به‌دڵنیایی ده‌توانم، که تۆ بته‌وێت، ئه‌وا ده‌یسڕمه‌وه، که‌روێشکه‌که ده‌ڵێ، به‌ڵێ ده‌مه‌وێت. ورچه‌که‌ش ده‌ڵێ، ئه‌وا ناوی تۆم سڕییه‌وه.

ئه‌م چیرۆکه چیمانپێده‌ڵێت؟ وه‌ڵام، ئه‌م چیرۆکه پێمانده‌ڵێت، بۆچی ڕێگا به خۆمان ده‌ده‌ین، که له  لیستدا ناومان بنووسرێت؟ له لیستی دوژمن و خه‌ڵکانی تۆقێنه‌ردا. له لیستدا بنووسرێین و ڕێگا به خۆمان نه‌ده‌ین، که ژیانی خۆمان بژیین. به‌شێکی گه‌وره‌ی هاووڵاتییانی کورد هه‌ر له منداڵییه‌وه، خودێتییان لێسه‌ندراوه‌ته‌وه، له‌ده‌ستیانداوه ....هتد. هه‌ربۆیه به‌رده‌وام ناویان له لیستدا هه‌یه. به‌شێکی گه‌وره‌ی سیاسییه‌کان و سه‌رکرده‌کان ناویان له لیستدا هه‌یه، توانای ئه‌وه‌یان نه‌ماوه که خۆیان بن، به‌ڵکوو پێویسته به تۆنی ئه‌و موسیکه سه‌ما بکه‌ن، که بۆیان لێده‌درێت. ئه‌و سیاسییه و ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ی، که خاوه‌نی موسیک و تۆنی خۆیه‌تی، به موسیک و تۆنی خۆی سه‌ما ده‌کات، چونکه خاوه‌نی خوده. وه‌ک ڕۆمیی ده‌ڵێ، ڕابه‌رێکی ڕاسته‌قینه دوای ڕووناکیی خۆی ده‌که‌وێت. به‌شێک له سیاسیی و نووسه‌رانی کورد ڕه‌خنه‌ی تووندی ئه‌وه‌یان له سه‌رۆک بارزانیی هه‌یه، که له کاتی پراکتیزه‌کردنی ڕیفراندۆمدا گوێی له ڕاوێژی گه‌وره وڵاتان و سیاسییه‌کانی نه‌گرت و به‌ڵکوو سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم. ئه‌مه چیمانپێده‌ڵێت؟ وه‌ڵام، که سه‌رۆک بارزانیی دوای ڕووناکیی خۆی ده‌که‌وێت. ئه‌وه‌شی تۆزقاڵێک له ئه‌لف و بێی ده‌روونناسیی شاره‌زابێت، تێده‌گات، که لێره‌دا قسه له‌سه‌ر خود و ویست ده‌کرێت. سه‌رۆک بارزانیی دڵی جه‌ماوه‌ری کوردی برده‌وه، چونکه هاووڵاتییان به دڵ ویستی سه‌ربه‌خۆییان هه‌یه. دیسانه‌وه ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێک له ئه‌لف و بێی ده‌روونناسیی شاره‌زابێت، تێده‌گات، که هه‌رگیز پراکتیزه‌کردن له مێشکه‌وه ناڕوات بۆ دڵ به‌ڵکوو به پێچه‌وانه‌وه. تۆ بۆ ئه‌وه‌ی له تاقیکردنه‌وه‌دا له سه‌دا سه‌د سه‌رکه‌وتوو بیت، ئه‌وا پێویسته خوێندنت خۆشبوێت. بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌دا سه‌د پیشه‌کارێکی سه‌رکه‌وتوو بیت، ئه‌وا پێویسته به دڵ پیشه‌که‌ت خۆشبوێت. بابه‌ت لێره‌دا ئه‌وه نییه، که فیلمێک خۆشه یاخوود نه‌خێر، بابه‌ت لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئه‌کته‌ره‌کانی به دڵ ڕۆڵ ده‌گێڕن یاخوود نه‌خێر. بابه‌ت لێره‌دا ئه‌وه نییه، که تۆ پاڵه‌وانی فیلمێک بیت یاخوود کرێکارێکی په‌نایه‌کی فیلمه‌که، به‌ڵکوو بابه‌ت ئه‌وه‌یه، که تۆ چه‌ند به دڵ ئه‌و ڕۆڵه ده‌بینیت، چونکه له ڕێگای ئه‌م ڕۆڵ بینینه‌وه دڵی بینه‌ر ده‌به‌یته‌وه.

تێڕوانین بۆ ژیان و جیهان، خاوه‌نی پێرسپێکتیڤیتێته، واتا گۆشه نیگای جیاواز. به‌مشێوه‌یه ئه‌گه‌ر سه‌رنجبده‌ین، ئه‌وا ده‌بینین، که منداڵێک به‌شێوه‌یه‌کی تر ته‌ماشای ژیان و جیهان ده‌کات وه‌ک له دایک و باوکی. باشتر نا یاخوود خراپتر نا، به‌ڵکوو جیاوازتر. نووسه‌رێک و پزیشکێک هه‌مانشێوه، کرێکارێک و ئه‌ندازیارێک هه‌مانشێوه ...هتد. زیاد له سه‌دا نه‌وه‌ت و دووی هاووڵاتییان له ڕیفراندۆمدا سه‌ربه‌خۆییان ویست و به‌شێکیش ڕێگایه‌کی تریان هه‌ڵبژارد، ئه‌و ڕێگایه‌ی، که ده‌یناسن، ئه‌ویش ڕێگای ترس و ئه‌گه‌ره‌کانی بوو. لێره‌دا ده‌توانین بڵێین، که به‌شێک له هاووڵاتییان نازانن چیانده‌وێت، به‌ڵام به‌رده‌وام ئه‌وه‌یان ده‌وێت، که ده‌یناسن. ئه‌وه‌شی که ده‌یناسن ترسه، ترس له له‌کیسدانی ئه‌وه‌ی که هه‌یانه. ئه‌وه‌شی که هه‌یانه بێجگه له قه‌فه‌زێکی کۆنی تا ئاستێک دڵنیا، دڵنیا له‌وه‌ی، که مافی خواردن و خواردنه‌وه و خستنه‌وه‌ی نه‌وه‌یان هه‌یه و ...هتد. تۆ ئه‌وه نابینیت که هه‌یه، به‌ڵکوو تۆ ئه‌وه ده‌بینیت که خۆتیت. به‌مشێوه‌یه به‌شێک له نووسه‌ران و ڕووناکبیران به‌ره‌وڕووی ڕیفراندۆم بوونه‌وه و هه‌تا ئێستاش له یادی ڕیفراندۆمدا به‌ هه‌مانشێوه‌ی سه‌ره‌تای پراکتیزه‌کردنی ڕیفراندۆم مامه‌ڵه ده‌که‌ن و ده‌دوێن و ده‌نووسن.

له 25/5/1961 دا، جۆن ئێف که‌نه‌دیی له کۆنگرێسی ئه‌مریکادا ئولتیماتوومێکیان ده‌داتێ و ده‌ڵێ، پێویسته له ده‌ ساڵی ئاینده‌دا ئه‌مێریکییه‌ک له‌سه‌ر مانگ ڕابوه‌ستێت. له سه‌دا هه‌شتاوپێنجی ئه‌ندامانی کۆنگرێس ڕه‌شبین بوون و باوه‌ڕیان به‌وه نه‌‌بوو، که مرۆڤ بگاته سه‌ر مانگ. جۆن ئێف که‌نه‌دی له وه‌ڵامیاندا ده‌ڵێ، به‌ڕێزان ئێمه پێویستمان به خه‌ڵکانی خاوه‌ن ڤیزیۆنه بۆ ئه‌وه‌ی مه‌حاڵێک بکه‌ینه ڕاستیی. به‌داخه‌وه جۆن ئێف که‌نه‌دیی خۆی پێڕانه‌گه‌یشت که نیشتنه‌وه له‌سه‌ر مانگ ببینێت. بۆ ئه‌وه‌ی به سه‌ربه‌خۆیی بگه‌ین، پێویسته باوه‌ڕی له سه‌دا سه‌دمان پێیبێت، پێویسته ڤیزیۆنێره بین و بیهێنینه پێشچاوی خۆمان، پێویسته بۆ ئه‌وه له‌دایکبووبین که به سه‌ربه‌خۆیی بگه‌ین، پێویسته بۆ ئه‌وه له‌دایکبووبین که کورد بکه‌ینه خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت، پێویسته خودی خۆمان بین، خاوه‌ن موسیک و نۆته و سه‌مای خۆمان.