یەكێتی ئەوروپا بەدوور دەزانێت لهو دۆخهدا سزا بە سەر توركیادا بەسەپێنێت

K24- ھەولێر:
پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی نوێنەری باڵای ئاسایش و سیاسەتی دەرەوه لە یەكێتی ئەوروپا، جۆزیب بۆرێل رایگەیاند، بەدوور دەبینێت یەكێتی ئەورووپا لە رەوشی ئێستادا سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت.
گوتیشی: ھێشتا زووە بۆ گرتنەبەری سزاكان. پیتەر ستانۆ روونیشیكردەوە، یەكێتی ئەوروپا ھێشتا پابەندە بە بژاردەی گفتوگۆ لە نێوان ئەنقەرە و ئەسینادا بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و كەمكردنەوەی گرژی. بەڵام تا ئێستا رووینەداوە و ئەم بابەتە پەیوەستە بە سەركردەكانی وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا كە چۆن رەفتار لەگەڵ توركیادا دەكەن.
ئەم قسانەی ستانۆ لە كاتێكدایه، تهنیا دوو رۆژ ماوە بۆ لوتكەی ئەوروپی بۆ لێكۆڵینەوە لە پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا.
كۆمسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، ھەلوێستەكانی شارازایان و راوێژكارانی برۆكسل "رای تایبەتی" خۆیانه و یەكێتی ئەورووپا پابەند نییە بەو رایانە و تەنھا راوێژییان پێدەكات بۆ وەرگرتنی بڕیارەكانی.
ئەم روونكردنەوانەی كۆمسیۆن دوای ئەوە ھات، شارازایانی برۆكسل لێدوانی دژیهكیان سەبارەت بە ناكۆكییەكان لە بارەیی غازی رۆژھەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست لە نێوان توركیا و یۆنان داوه، ئەمەش بووه ھۆی لێڵی و ناروونی لە ھەڵوێستەكانی ئەوروپا بەرامبەر بەو بابەتە. برۆكسلیش جەختی لەسەر گەڕانەوە بۆ بەرژەوەندییە فەرمییەكانی دەزگاكانی ئەوروپی بۆ زانینی ھەڵوێستەكانیان كردهوه.
لە 1 و 2ی ئۆكتۆبەر، سەركردەكانی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا كۆدەبنەوە بۆ لێكۆڵینەوە لە پێشھاتەكان لە رۆژەھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دەستنیشانكردنی رێگا ھاوبەشهكان لە نێوان خۆیان و توركیادا.