ورده‌كاری ململانێی ئه‌رمینیا و ئازربیجان له باره‌ی قه‌ره‌باغه‌وه

K24 – هه‌ولێر:
شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان ئه‌رمینیا و ئازربیجان، ئه‌ڵقه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌و ناكۆكی و ململانێیه‌یه، كه ماوه‌ی 30 ساڵه له نێوان هه‌ردوو وڵات هه‌یه.
ئه‌رمه‌نییه‌كان به هه‌رێمی "قه‌ره‌باغ" ده‌ڵێن: "ئارتساخ" و به به‌شێك له خاكی ئه‌رمینیای دێرینی ده‌زانن. له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ئه‌و هه‌رێمه به‌شێك بووه له قه‌ڵه‌مڕه‌وی تزاری رووسیا.
دوای شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری 1917دا، هه‌رێمه‌كه لكێندرا به كۆماری ئازربیجانی سۆڤییه‌تییه‌وه و ئه‌و كاته ئه‌رمه‌نه‌كان دژی ئه‌و بڕیاره بوون و بۆ ماوه‌یه‌ك حوكمی زاتییان پێ‌درابوو.
له 1988دا ململانێ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له سنووری كۆماره‌كانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی هه‌ڵوه‌شاوه په‌ره‌ی سه‌ند.
ئه‌نجوومه‌نی یاسادانان (په‌رله‌مان)ی هه‌رێمه‌كه داوای لكاندنی قه‌ره‌باغی به ئه‌رمینیاوه كرد، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی ئازربیجان ئه‌و داوایه‌یان ره‌تكرده‌وه. هه‌ربۆیه گرژی و ئاڵۆزی له ناوچه‌كه درووست بوو. گرژییه‌كان سه‌ریانكێشا بۆ پێكدادانی چه‌كداری نێوان ئه‌رمه‌نی و ئازه‌رییه‌كان.
له 1991دا هه‌رێمه‌كه سه‌ربه‌خۆی خۆی راگه‌یاند، به‌ڵام ئازربیجان له‌شكركێشی كرده سه‌ر هه‌رێمه‌كه، به‌ڵام نه‌یتوانی سه‌ركه‌وێت و هه‌رێمه‌كه و حه‌وت ناوچه‌ی دیكه‌ی ده‌وروبه‌ری هه‌رێمه‌كه‌ی له‌ده‌ستدا.
دواتر له 1994دا هه‌ریه‌ك له ئه‌رمینیا و ئازربیجان و قه‌ره‌باغ واژوویان له‌سه‌ر پرۆتۆكۆلی تایبه‌ت به ئاگربه‌ست له ناوچه‌كه كرد و شه‌ڕ كۆتایی هات.
له نیسانی 2016دا شه‌ڕی "چوار رۆژه" له نێوانیاندا روویدا و هه‌ردوولا زیانی زۆریان به‌ركه‌وت.
له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا، ئه‌و كۆماره‌ی له قه‌ره‌باغ راگه‌یه‌ندراوه هیچ وڵاتێك دانی پێدانه‌ناوه. به تایبه‌تیش ئه‌رمینیا، كه هه‌رچه‌ند به‌رده‌وام به‌رگری لێده‌كات و هه‌موو هاوكارییه‌كی ده‌كات، به‌ڵام دانی پێدا نه‌ناوه.
كۆماره‌كه به هۆی ناڕه‌زایه‌تی ئازربیجانه‌وه به‌شداری پێنه‌كرا له دانووستانه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه، كه به چاودێری كۆمه‌ڵه‌ی "مینسك"ی سه‌ر به رێكخراوی ئاسایش و هه‌ماهه‌نگی ئه‌وروپا هه‌ریه‌ك له رووسیا، ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا به‌ڕێوه‌یان ده‌برد.
ئازربیجان داوا ده‌كات، هه‌موو "ئه‌و زه‌ویانه‌ی داگیركراوون" به بێ هیچ مه‌رجێك بۆی بگه‌ڕێنه‌وه و سووره له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازه‌رییه ئاواره‌كان بۆ قه‌ره‌باغ، كه ژماره‌یان به 600 هه‌زار كه‌س ده‌خه‌مڵێندرێت.
باكۆ به‌رده‌وام ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به هێزی سه‌ربازی ئه‌و ناوچه‌یه بگێڕێته‌وه بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی و هاوكات توركیای هاوپه‌یمانی ئازربیجانیش گه‌مارۆی ئابووری سه‌پاندووه به‌سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌دا و مه‌رجی داناوه كه ده‌بێت ئه‌رمینیا ئه‌و ململانێیه له‌گه‌ڵ ئازربیجان یه‌كلا بكاته‌وه، ئینجا سنووری به رووی قه‌ره‌باغدا ده‌كاته‌وه.

له نوێترین پێشهاتیشدا، وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌رمینیا، رایگه‌یاند، هێزه‌كانی كۆماری "قه‌ره‌باغ" به‌ره‌نگاری هێرشێكی تانكه‌كانی سوپای ئازربیجان بوونه‌ته‌وه، كه ئه‌مڕۆ كردوویانه‌ته سه‌ر ناوچه سنوورییه‌كانی ئه‌و هه‌رێمه.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌رمینیا، "شوشان ستیبانیان" له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، "سوپای ئازربیجان به تانك له ئاراسته‌ی باشووری خۆرهه‌ڵاتی قه‌ره‌باغه‌وه هێرشی ده‌ستپێكردووه، به‌ڵام سوپای به‌رگری له كۆماره‌كه، رووبه‌ڕووی هێرشه‌كه بووه‌ته‌وه و توانیویانه 10 زرێپۆشی ئازربیجانی تێكبشكێنن".
به‌ره‌به‌یانی رۆژی یه‌كشه‌ممه (27ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2020)، شه‌ڕ و پێكدادان له نێوان هێزه ئازه‌ری و ئه‌رمینییه‌كان له ناوچه سنوورییه‌كانی "قه‌ره‌باغ" روویدا، ئه‌مه‌ش به مه‌ترسیدارترین ره‌وشی ئه‌و ناوچه‌یه له ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوودا هه‌ژمار ده‌كرێت.
ئازربیجان هێزه‌كانی سوپای ئه‌رمینیا به ده‌ستپێشخه‌ری شه‌ڕ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و "باكۆ" رایگه‌یاندووه، سوپای ئه‌رمینیا ته‌قه‌ی له ناوچه‌كانی دانیشتوان له نزیك هێڵه‌كانی سنووری نێوان هه‌رێمی "فه‌ره‌باغ" و ئازربیجان كردووه و ژماره‌یه‌ك مه‌ده‌نی گیانیان له‌ده‌ستداوه و بریندار بوون.
له به‌رامبه‌ردا ئه‌رمینیا، ئازربیجان به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات، كه به فڕۆكه و مووشه‌ك هێرشی كردووه‌ته سه‌ر ناوچه سنوورییه‌كانی ئه‌و هه‌رێمه، كه یه‌كلایه‌نه سه‌ربه‌خۆیی راگه‌یاندووه، به‌ڵام له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا دان به سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌یدا نه‌نراوه.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌رمینیا، "نیكۆڵ باشینیان" ، رایگه‌یاند، حكومه‌ته‌كه‌ی له بابه‌تی داننان به سه‌ربه‌خۆیی كۆماری "قه‌ره‌باغ" ده‌كۆڵێته‌وه و ئه‌و پرسه تاوتوێ ده‌كات.