سێنسی زیندانی دەکرێت

ستێفانۆ سێنسی ناوەراستکاری ئیتاڵی یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی بە هۆی بلاوبونەوەی وێنەیەکی خۆی و خێزانی لە کاتی یاریی کردن بە سکۆتەری کارەبایی، لەوانەیە تووشی سزایەکی قورس ببنەوە.

رۆژنامەی کۆریرۆ دلۆ سپۆرتی ئیتاڵی بڵاویکردووە ماوەیەک لەمەوبەر خێزانەکەی ستێفانۆ سێنسی ناوەڕاستکاری یانەی ئینتەر میلان وێنەیەکی خۆی و ئەو یاریزانەی لە کاتی لێخورینی سکۆتەری کارەبایی لەسەر رێگای گشتی بڵاوکردووەتەوە و ئەمەش وایکردووە پۆلیسی هاتوچۆی ئەم وڵاتە ئەو یاریزانە بانگهێشتی دادگا بکات، چونکە لێخورینی ئەمجۆرە ئامێرانە لەسەر رێگەی گشتی قەدەخەیە و لە شوێنە ئاساییەکانیش تەنها یەک کەس بۆی هەیە ئەو ئامێرە لێخورێت.

سەرچاوەکە ئەوەشی بڵاوکردووە سێنسی لەوانەیە تووشی سزای زیندانی کردن ببێتەوە و هەروەها لەلایەن یانەکەشیەوە بە هۆی سەرپێچی کردن رووبەڕووی سزایەکی قورس دەبێتەوە.