57 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی یه‌كه‌م رادیۆی كوردیدا تێده‌په‌ڕێت

كوردستان24 سه‌ردانی ئه‌و ئه‌شكه‌فته‌ ده‌كات كه‌ یه‌كه‌م رادیۆی كوردیی تێیدا ده‌ستی به‌ په‌خشه‌كه‌ی كرد
kurdistan24.net

K24- قه‌سرێ:

57 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكەمین رادیۆ له‌ ھەرێمی كوردستان "رادیۆی دەنگی كوردستان" تێدەپەرێت و یەكێك له‌ بێژەرانی ئەو رادیۆیە باس لە گرنگی بوونی رادیۆی دەنگی كوردستان لە سەردەمی شۆرش دەكات و ئەم رادیۆیە بە پێشەنگی گەیاندنی دەنگی خەباتی نەتەوەیی كورد لە ھەموو كوردستان ناو دەبات، كە كوردانی پارچەكانی دیكه‌ش لە دامەزراندنی ئەم رادیۆیە رۆڵیان ھەبووە.

سه‌باح به‌یتوڵا، 19 ساڵ وەك بێژەری رادیۆی دەنگی كوردستان لە یەكەم ئێزگەی كوردی كاریكردوە. لە ساڵی 1980 دەبێتە بێژەری رادیۆ و ئەمڕۆ دوای 57 سال تێپەرین بە سەر دامەزراندنی دەنگی شۆرشی كوردستان، بۆ یەكەمین جار ھاتووەتە ئەشكەوتی سەردێمان لە شارەدێی قەسرێ، ئەو باسی گرنگی رۆڵی رادیۆی دەنگی كوردستان دەكات، بە تایبەتی لە كاتی شۆڕشەكان و بەرزكردنەوەی ورەی پێشمەرگە.

ئه‌و ده‌ڵێت: رادیۆی ده‌نگی كوردستان فاكته‌رێكی گرنگ بوو بۆ هاندانی گه‌نجی كورد، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دژی سته‌م و زۆرداری دوژمن شان بده‌نه‌ به‌ر چه‌كی پێشمه‌رگایه‌تی و له‌ڕووی ناحه‌زانی گه‌لی كورد بوه‌ستنه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ دوژمن دركی به‌وه‌ كرد، كه‌ رادیۆی ده‌نگی كوردستان چ برینێكی له‌سه‌ر دڵی ئه‌وان درووست كردووه‌، بۆیه‌ش به‌رده‌وام هه‌وڵه‌كانیان بۆ وه‌ستاندنی په‌خشی ئه‌و رادیۆیه‌یان ده‌دا.

ئێزگەی دەنگی كوردستان جیا لەوەی بووە بڵندگۆی دەنگی شۆڕش، شوێنێك بوو بۆ كۆكردنەوەی نووسەران و ئەدیبانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش بۆ خزمەتگەیاندن بە ئامانجەكانی شۆرش، بارزانی نەمر ئەو كات دەیزانی كە شۆرش تەنیا چەكداربوون نیە و گەیاندنی دەنگی كوردە لە رێگەی رادیۆیەك بە جیھان.

دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان نۆبەرەی میدیایەكی كوردی لە سەر خاكی كوردستان بوو، لە ھەمان كاتیشدا یەكەم دەنگی شۆرشی كورد و پێشمەرگە بوو، كە پێشتر ھاوشێوەی نەبوو، وەك پێشمەرگە دێرینەكانی ئەو كات باسی دەكەن، ترسی دوژمن لە دەنگی كوردستان و گەیاندنی دەنگی كورد بە دەرەوە ھاوتای دەنگی بڕنۆكانی دەستی پێشمەرگە بووە و بووەتە قوتابخانەیەك بۆ راگەیاندنی كوردی.

H.B