بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: حكومەتی سووریا دەیەوێت ئارامی ناوچەكانی دێرزۆر بشێوێنێت

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەی سووریا رەتدەكاتەوە

K24- ھەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رایگەیاند، زانیارییان لەبەردەستە، حكومەتی سووریا ده‌ستی لەپشت ئاڵۆزییەكانی ناوچەكانی دێرزۆرە.

لە راگەیاندراوێكدا، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رەخنەی لە لێدوانەكانی وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سووریا گرت و رایگەیاند، لێدوانەكانی موعەلیم، خۆدزینەوەیە لە راستی دۆخی سووریا و ھێشتا حكومەتی سووریا په‌یڕه‌وی سیاسەتی پێشووی ده‌كات، كە دۆخی وڵاتەكەی گەیاندووەتە ئێستا.

ھەروەھا لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە، زانیارییان لە بەردەسته‌ و ئاشكراشی دەكەن، كە حكومەتی سووریا لە پشت دروسكردنی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكانی دێرەزۆرە و دەیەوێت نائارامی لە ناوچەكەدا دروست بكات.

دەربارەی تۆمەتەكانی دزینی نەوتیش، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رایگەیاند، داھاتی نەوتی ناوچەكە دەخرێتە خزمەت خەڵكی ناوچەكە، بەڵام پێشتر ئەو ناوچانە لەدەستی داعش بوون، بۆچی حكومەتی سووریا خۆی لەو ناوچانە به‌خاوه‌ن نەدەكردە؟.