ئێران 80 ھەزار زیندانی دەخاتە بەر یاسایەكی نوێ و دواش لە ھاووڵاتیانی دەكات سەردانی عێراق نەكەن

80 ھەزار زیندانی ئازاد دەكرێن و سزاكانیان كەمدەكرێتەوە

K24- ھەولێر:

محمەد موسەدەق، یاریدەدەری سەرۆكی دەستەی دادوەری ئێران بۆ كاروباری یاسایی رایگەیاند، 80 ھەزار زیندانی ئازاد دەكرێن و سزاكانیان كەمدەكرێتەوە.

موسەدەق گوتی: بەپێی ئەو لێكۆڵینەوانەی لە لایەن فەرمانگەی كاروباری یاسایی ئەنجامدراون، ئەو یاسایە 80 ھەزار حوكمدراو دەگرێتەوە.

گوتیشی: ھەندك لەوانەی یاساكە دەیناگرێتەوە ئازادكراون و سزای ئەوانەی دیكەش كەمكراوەتەوە.

لە لایەكی دیكەوە ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، داوای لە ھاووڵاتیانی خۆی كرد، بە مەبەستی ئەنجامدانی سەردانی چلەی ئیمام حوسێن روو له‌ سنووره‌كانی عێراق نه‌كه‌ن، چونكە عێراق بەھۆی كۆرۆناوە سنوورەكانی داخستووە.

گوتیشی: "تكا لە ھاووڵاتیانم دەكەم، بەرەو سنوور بەڕێ نەكەون، چونكە بەھیچ شێوەیەك رێگا بەچوونە ژوورەوەیان نادرێت".

روونیشكردەوە، "مەراسیمی سەردانی چلەی ئیمام حوسێن ئێستا لە لایەن ھاووڵاتیانی عێراقییه‌وه‌ ئەنجامدەدرێت و لە ھەموو شارەكانی عێراق بەرەو كەربەلا دەڕۆن، بەڵام حكومەتی عێراق رێگای بە زیاره‌تكارانی بیانی نەداوە بەشداری لەو مەراسیمه‌دا بكەن لە سایەی ئەو رێوشوێنانەی گرتوویانەتەبەر بۆ خۆپارێزی لە كۆرۆنا.

سەرچاوە: فارس نیۆز