یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی شه‌ڕی نێوان ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان راگه‌یاند

"پێویسته‌ هه‌ردوولا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ رێكه‌وتنه‌كانی ساڵی 1992 و شه‌ڕ بوه‌ستێنن"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند: دەستوەردانی دەرەکی لە کێشەی ناگۆرنۆ و قەرەباغ بەھێچ شێوەیەك قبوڵکراو نیە.

ستانۆ داواى لە وەزیرانی دەرەوەی ئەرمینیا و ئازەربابیجانيش كرد، کێشەکانیان بەگوێرەی رێکەوتنەکانی ساڵی 1992ی گروپی مینسك چارەسەر بکەن.

ئه‌م گوتانه‌ی ستانۆ له‌ میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هاتوون و گوتی: ھیوادارین و داوا لە ھەموولایەك دەکەین، ھەموو ھەوڵی خۆیان بدەن، بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی شەڕ.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ھەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ دەرئەنجامی خراپی بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە دەبێت.

هه‌وره‌ها گوتی: یەکیتی ئەوروپا داوا لە ھەموو وڵاتان دەکات، ئاگربەست رابگەیەنن. ھەڵوێستی یەکێتی ئەوروپاش بەگشتی روونە: ھیچ جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی قبوڵکراو نیە.

دووپاتیشی كرده‌وه‌، پێویسته‌ رێگری لە دەستوەرادانی دەرکی بکرێت. داواکاری یەکێتی ئەوروپا لە ھەردوو وەزیرانی دەرەوەی ئەرمینیا و ئازەربایجان ئەوەیە، بەگوێرەی خاڵ و بەندەکانی گروپی مینسك کیشەکان چارەسەر بکەن.

H.B