رێژهی خۆكوشتن له ریزی سوپای ئهمەریكا زیادیكردووه
K24- ھەولێر:
زۆربوونی ژمارەی خۆکوشتن لە ریزی سەربازانی سوپای ئەمەریكادا بەرپرسانی ئهو وڵاتهی نیگەران کردووە. تەنیا لەماوهی 3 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 30 سەربازی ئەمهریكی خۆیان کوشتووە. فەرماندە سەربازییەکانیش دەڵێن: ساڵی 2020 ساڵێکی سەخت بوو بۆ سەربازەکانیان. ھاتنی کۆرۆنا، رێکارەکان، کەرەنتین و ھەڕەشەی میلیشیاکان لە عێراق و ئەفغانستان و خۆپیشاندانەکانی ئەمەریكا و گوشارە دەروونیەکان ھۆکاری زیادبوونی رێژهی خۆکوشتنی سەربازەکانیانە.
رێژەی خۆکوشتن لەناو سوپای ئەمەریكا زیادیکردووە، چەند رۆژێك لەمەوبەر "جەیسن لۆوی" تەمەن 27 ساڵ، سەرباز لە یەکەی 82ی ھێزی ئاسمانی ئەمەریكا بە ھۆکارێکی نادیار لە کارۆلاینای باکوور کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا.
لۆوی دەیەم سەربازی ئەمەریكایە، کە لهماوهی ئەمساڵ خۆی کوشتبێت. ئەوەی فەرماندە و بەرپرسانی سەربازی ئەمەریكای نیگەران کردووە، ساڵ بە ساڵ رێژهی خۆکوشتنەکان لە ههڵكشاندایه.
رایان گرەیڤس لە یەکەی 82ی ھێزی ئاسمانی ئەمەریكا گوتی: "ھەموو ئەو شتانەی پێتدەڵێن، ئەو شتە نییە، کە تۆ بەدوایدا دەگەرێیت. مەبەستم ئەوەیە، ھیچ کێشەیەکی دارایی یان خێزانی نەبووە".
ساڵی 2017 چوار سەرباز، ساڵی 2018 شەش سەرباز و ساڵی 2019 ـش دە سەرباز تەنیا لە ھێزی ئاسمانی ئەمەریكا خۆیان کوشتووە. ھێشتا 2020 کۆتایی نەھاتووە ژمارەی خۆکوشتن لە ھێزی ئاسمانی گەیشتووەتە 10 سەرباز.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكاش، زۆربەی ئەوانەی خۆیان دەکوژن پیاون و تەمەنیان لەخوار 30 ساڵیدایە و لە مانگی یەك تا مانگی سێی ئەمساڵ، لە ھەموو سوپای ئەمەریكا 30 سەرباز خۆیان کوشتووە. ئەمەش بە بەراورد بە سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2019 ژمارەکە 8 حاڵەتی کوشتن زیادیکردوە.
ساڵی 2020ـش ساڵی جیاواز بووە بۆ سوپای ئەمەریكا. لە سەرەتای ئەمساڵ لەگەڵ سەرھەڵدانی ھەڕەشەکانی ئێران و میلیشیاکانی لە عێراق، دوای سی ساڵ جارێکی دیکە یەکەی وەڵامدانەوەی خێرای چالاککردەوە.
لە چەند کاتژمێرێکدا بە ھەزاران سەرباز، کە ھێشتا لە ناو ئاھەنگەکانی سەری ساڵی نوێی 2020ـدا بوون، لەگەڵ خێزانەکانیان لەڕێگەی فرۆکەی سەربازییەوە رەوانەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کران.
لۆوی پێش خۆکوشتنی، 9 مانگ خزمەتی سەربازی خۆی لە ئەفغانستان تەواوکرد و دوای گەڕانەوەشی لە سەرەتای بەھار، لە "فۆرد براگ" ماوهی دوو ھەفتە کەرەنتین کرا.
ھەرچەندە تا ئێستا ھۆکار و پاڵنەری خۆکوشتنی سەربازانی سوپای ئەمەریكا بەڕوونی نەزانراوە؛ بەڵام فەرماندە سەربازییەکان ھۆکارەکەی بۆ گوشاری دەروونی و کەرهنتینە و رێکارەکانی خۆپارێزی دەگێڕنەوە؛ چونکە سەربازەکانیان نەیاندەتوانی لەگەڵ خێزانەكانیان گەشتێك بۆ دەرەوەی وڵات بکەن. ھۆڵەکانی وەرزش، مەلەوانگە، رێستۆرانت و کۆبوونەوەی خێزانیەکان قەدەغە کرابوون.
کریستۆفەر دۆناھو، موقەدەم لە یەکەی 82ی ھێزی ئاسمانی ئەمەریكا گوتی: "کۆڤید وای لە سەربازەکانی ئێمە کردبوو، بە ھەموو شتێك نامۆ بن. ھەموو ھەوڵێکماندا کە ھەموو سەربازەکانمان لەدەوری یەك کۆبکەینەوە. دوای ئەو ئەرکە سەختەش لەگەڵ ئەوەی لە فڕۆکەکە دابەزین، دەستبەجێ ھەموومان کەرەنتین کراین".
لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی واشنتن، کە بەھۆی کوژرانی جۆرج فڵۆیدەوە سەریانھەڵدا، جارێکی دیکە یەکەی وەڵامدانەوەی خێرا رەوانەی واشنتن کرا، بۆ رێگریکردن لە خۆپیشاندانەکان. ھەندێك لە سەربازەکان تەنیا یەك رۆژ بوو کەرەنتینیان تەواوکردبوو و چووبوونەوە ناو خێزانەکانیان، جارێکی دیکە ھێنرانەوە بۆ واشنتن.
واتە بەردەوام لە ئامادەباشیدا بوون و نەیانتوانیوە لەگەڵ خێزانەکانیان بە ئارامی دابنیشن و ھەموو کات دەبوو ئامادەبن بۆ ھەر ئەرکێکی چاوەرواننەکراو. زۆربەی جارێش ئەم نادڵنیاییە بووەتە ھۆی درووستکردنی کێشەی خێزانی و جیابوونەوە لە ھاوسەر و منداڵ و خۆشەویستەکانیان.