"سبه‌ی شاندێكی به‌رپرسانی دادگای فیدراڵ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات"

"له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی و به‌رپرسه‌ باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌"

K24- هه‌ولێر:

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ شه‌فه‌ق نیوزی راگه‌یاند، بڕیاره‌ سبه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادگای باڵای عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی باڵا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی سیاسی و به‌رپرسه‌ باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بده‌ن.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ رایگه‌یاندووه‌، "شاندی دادوه‌رانی عێراق جگه‌ له‌ فائق زێدان، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادگای باڵا، هه‌ریه‌ك له‌ دادوه‌ر جاسم عمێری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتیاری داد و ره‌حیم عه‌بد حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی له‌ ئه‌نجوومه‌نی دادگای باڵا و فارس عیسا سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا له‌خۆ ده‌گرێت".

روونیشی كرده‌وه‌، "شانده‌كه‌ زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ و دیدار له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌".

بڕیاریشه‌ شانده‌كه‌ له‌لایه‌ن فرسه‌ت ئه‌حمه‌د، وه‌زیری دادی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هه‌رێمه‌وه‌ پێشوازی بكرێت.

پێشبینیش ده‌كرێت، پرسی په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هه‌ردوو لا له‌ پێشینه‌ی گفتوگۆكان بن، وێڕای پاڵپشتیكردن له‌ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ.

H.B