سەدر ھۆشداری لە ھەڵگیرسانی شەڕ دەدات

چه‌ند لایەنێكی گوماناویی کار بۆ تێکدانی دۆخەکە دەکەن

K24 - ھەولێر

موقتەدا سەدر، لەسەر هێرشە مووشەکییەکان هاتەدەنگ و هۆشداریدا لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی.

لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، چه‌ند لایەنێكی گوماناویی کار بۆ تێکدانی دۆخەکە دەکەن و ئاسایش و ئاشتەوایی دەخەنە مەترسییەوە.

هەر له‌ تویته‌كه‌دا نووسیویه‌تی: "ئامۆژگاری هەمووان دەکەم، بگەڕینەوە بۆ بنەمای ئەقڵ و خۆشەویستی نیشتمان، پێش ئەوەی وڵات بەرەو شەڕی ناوخۆیی بچێت و پێکدادانی شیعە - شیعە سەرهەڵبدات".

هه‌روه‌ها هەرەیەک لە عەممار حەکیم سەرۆکی هاوپەیمانی عێراقیون، هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانیان کرد، بە تایبەت له‌ دوایین هێرشدا كە 7 ئەندامی خێزانێک بوونە قوربانی.