حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەخاتەڕوو

ھێمن ھەورامی زانیاری لەبارەی كۆبوونەوەی حكومەت و پەرلەمان دەخاتەڕوو

K24 – ھەولێر

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، كۆبوونەوەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و پەرلەمان چەند خاڵێك لەخۆ دەگرێت، یەكێك لەو خاڵانە خستەڕووی ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییە لە مووچە و دەرماڵەكان.

ھێمن ھەورامی، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گوتی: "نووسراوی سەرۆكایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گەیشتووەتە پەرلەمان، لەسەر داوای سەرۆكی حكومەت بەپێی مادەی 66 لە بڕگەی دووەم، داوای كردووە كۆبوونەوەیەكی تایبەتی پەرلەمانی كوردستان بكرێت".

گوتیشی: "مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگرەكەی و وەزیرە پەیوەندیدارەكان بەشداری لە كۆبوونەوەكە دەكەن و خاڵەكانی كۆبوونەوەكە بریتین لە: خستنەڕووی ھەنگاوەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستانە بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵەكان، كە لە 1/7/2020 كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. خاڵێكی دیكە پەیوەستە بە دۆخی دارایی ھەرێمی كوردستان و بابەتی مووچە. خاڵێكی دیكە تایبەتە بە دۆخی ناوچە كوردستانییەكان، ھەروەھا باس لە گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی عێراق دەكرێت لەسەر پرسی بودجە و خاڵەكانی پەیوەست بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، ھەر لە كۆبوونەوەكەدا باسی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی دەكرێت".

ھێمن ھەورامی، راشیگەیاند: "ئەمڕۆ كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانمان كرد، ھەفتەی داھاتوو كۆبوونەوەی نێوان حكومەت و پەرلەمان ئەنجامدەدرێت".

 

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە چەند رۆژی رابردوودا بە نووسراوی فەرمی داوای لە پەرلەمانی كوردستان كرد دانیشتنێكی تایبەت رێكبخات. کە تێیدا سەرۆکی حکومەت لە سەر جێبەجێکردنی كارنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەم، رێڕەوی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، شیکردنەوەی دۆخی دارایی و تەندروستی ئێستای هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گوتارێك پێشکەش دەکات.

بە پێی ماددەی 66 بڕگەی دووەم لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆك وەزیران دەتوانێت داوای دانیشتنی پەرلەمان بکات، بۆ ئەوەی روونکردنەوە لە سەر بابەتێك بدات و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیش دەبێ لە ماوەیەکدا کە لە 14 رۆژ تێپەڕ نەکات، ئەو دانیشتنە رێك بخات.