"شەش ترلیۆن دینار لە قەرزی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دیار نامێنێت"

بڕیاردەری لیژنەی دارایی: ئەو قەرزەی وەرگیراوە 15 ترلیۆن دینارە

K24 - ھەولێر

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، 6 ترلیۆن دینار لە وەرگرتنی قەرزی ناوخۆ دیار نەماوە. لە کاتێکدا بۆ دابینکردنی مووچە و پڕکردنەوەی کورتهێنان، حکومەتی عێراق پەنا بۆ وەرگرتنی قەرز لە بانکی ناوەندی و بانکەکانی ناوخۆ دەبات.

د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند "داهاتی نەوت نزیکەی چوار ترلیۆن دینارە، ئەو قەرزەی وەریشگیراوە 15 ترلیۆن دینارە، کە پێویستە مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی تشرینی یەکەمی پێ دابینبکرێت، بەڵام ئێستا بۆشاییەک بە قەبارەی دوو ترلیۆن دینار بۆ هەر مانگێک دروستبووە، ئەوەش بە واتای ئەوە دێت وەزارەتی دارایی 9 ترلیۆن دیناری لە ماوەی سێ مانگدا خەرجکردووە، کە 6 ترلیۆن دینار لە قەرزی ناوخۆ دیار نەماوە".