گوێڕ.. چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك له‌ قۆناغی جێبه‌جێكردندان

لەماوەی یەك ساڵ و نیودا، 40 ملیار دینار بۆ پرۆژە خزمەتگووزارییەكانی شارەدێی گوێر تەرخانكراوە

K24 – ھەولێر:

حكومەتی ئەڵمانیا پردێكی نوێ، كە درێژییه‌كه‌ی یەك كیلۆمەتر و 350 مەترە لە شارەدێی گوێڕ دروست دەكات، جێگری پارێزگاری نەینەوا بە كوردستان24ی راگەیاند: پڕۆژەی دروستكردنی پردی گوێر یەكێكە لە پردە ستراتیژییەكان و چەندین پڕۆژەی دیكەش لە شارەدێی گوێر كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردن، وەك پڕۆژەی درووستكردنی دووسایدی نێوان ھەولێر- گوێر، كە بە تەواوبوونی كارئاسانییەكی زۆر بۆ ھاووڵاتییان دەكات.

سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا لەگەڵ شاندێكی حكومەتی ئەڵمانیا، پرۆژەی دروستكردنی پردێكی نوێ لە گوێر دەخەنە بواری جێبەجێكردنەوە، كە پڕۆژەكە لەسەر ئەركی حكومەتی ئەڵمانیا جێ بەجێدەكرێت.

جگە لەم پرۆژەیە، ژمارەیەك پرۆژەی دیكەش ئێستا لە جێبەجێكردندان، وەك دروستكردنی دووسایدی ھەولێر- گوێر، كە بڕی 20 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، جگە لە چەند پرۆژەیەكی دیكە.

لەماوەی یەك ساڵ و نیودا، 40  ملیار دینار بۆ پرۆژە خزمەتگووزارییەكانی شارەدێی گوێر تەرخانكراوە، پرۆژەكانیش دروستكردنی قوتابخانە، پارك و چەند پرۆژەیەك لە كەرتی كارەباش دەگرێتەوە.