رێنمایی نوێ بۆ ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێل ئاشكرا دەكرێت

وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی نوێی بڵاوكردەوە

K24 – ھەولێر

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنمایی نوێ سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو بڵاوکردەوە، کە تێدا هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەتر، ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو، ئۆتۆمبێلی سالڤەیج و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بڕوانامەی (COC)ـیان لەگەڵە روونکراوەتەوە.

بە گوێرەی رێنماییەکان، دەبێت ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو بە لایەنی کەم دوو ئێرباگی شۆفێر و تەنیشت شۆفێر و سیستمی ABSـی هەبێت. هەروەها ئۆتۆمىێل دەبێت بڕوانامەی کوالێتی COC لەگەڵ بێت بۆ رێگە پێدانیان لە دەروازە سنوورییەکان.

بۆ هاوردەکردنی پاس لە سەرووری 14 نەفەری پێویست بە بوونی ئێرباگ ناکات، و هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل کلاسیک و دەبێت مۆدێلیان 40 ساڵ بەسەر دروستکردنیاندا تێپەڕبووبێت، دوای تۆمارکردنیشیان کڕین و فرۆشتنیان پێوە ناکرێت، هاوکات هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کلاسیک تەنیا لە دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی و ئابووریدا دەبێت.

هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتووش نابێت ئەم کەم و کوڕیانەی هەبێت، وەک ژێر ئاوکەوتوو، سووتاو یاخود بڕاوە بێت، ناشبێت شاسی ئۆتۆمبێل بڕاوە یان لەحیم کراو یاخود خوار بێت. هەروەها نابێت توکمەی دەرگا یان سەقفەکەی بڕاوە و لەحیم کراو بێت.

ئۆتۆمبێلی لێدراویش نابێت شاسییەکەی خواری تێکەوتبێت و ئێرباگی تەقیبێت.