لەبارەی دەستپێكردنەوەی خوێندنی چەند پۆلێك وەزیری پەروەردە زانیاری دەخاتەڕوو

ئالان حەمەسەعید: چاودێری پرۆسەی خوێندنی پۆلی 12 دەكەین

K24 – سلێمانی

وەزیری پەروەردە رایدەگەیەنێت، ئێستا چاودێری پرۆسەی خوێندنی پۆلی 12 دەكەن، ئەگەر كاریگەری نەرێنی نەبێت، دەوامی پۆلی یەك و دووی بنەڕەتی لە وادەی دیاریكراودا دەست پێدەكات.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایگەیاند: "بەپێی ئەو بڕیارەی لە ئەنجومەنی وەزارەت دراوە لە 10/10/2020 پرۆسەی خوێندن بۆ پۆلەكانی یەك و دووی بنەڕەتی دەستپێدەكاتەوە، ئێستا خوێندنی پۆلی 12ی ئامادەیی دەستپێكردووە و ئێمە لە قۆناغی چاودێریكردنی پرۆسەكە داین، بۆ ئەوەی بزانین كۆرۆنا تاچەند كاریگەری لەسەر مامۆستا و خوێندكاران دەبێت".

لەبارەی خوێندنی پۆلەكانی دیكە، وەزیری پەروەردە گوتی: "بڕیاری خوێندنی ئەلیكترۆنیمان داوە نەك ئۆنلاین، چونكە دووشتی جیاوازن، ھەروەھا دەسەڵاتمان داوەتە بەڕێوەبەری پەروەردەكان لە ھەر شوێنێك بەتایبەتی لە گوندەكان ئەگەر ژمارەی قوتابیان كەم بێت و ھێڵی ئینتەرنێت خراپ بێت، دەتوانن بەپێی رێنماییەكانی تەندروستی لە تەواوی قۆناغەكان خوێندن دەست پێبكەنەوە".

وەزیری پەروەردە ئەو دەنگۆیەشی رەتكردەوە، كە بەرنامەیان ھەبێت پەروەردە بدرێت بە كەرتی تایبەت، لەوبارەوە گوتی: "پلان و بەرنامەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گرنگیدانە بە كەرتی حكومی لە بواری پەروەردە، ھەروەھا ھانی كەرتی تایبەت دەدەین، لەبەر ئەوەی ستراتیژی حكومەت ئەوەیە ھانی كەرتی وەبەرھێنان دەدات، بەڵام بەھیچ جۆرێك موڵكی خۆمان نادەینە كەرتی تایبەت و رێگریش لەوە دەكەین كوالیتی خوێندن لە قوتابخانە حكومییەكان دابەزێت".

ئەم لێدوانەی وەزیری پەروەردە لەمیانی رێوڕەسمی كردنەوەی سێ قوتابخانەدا ھات لە سنووری پارێزگای سلێمانی.