"ناوچه‌ی سه‌وز و فڕۆكەخانەی بەغدا له‌ژێر كۆنتڕۆڵی حكومه‌تی عێراق نامێنێت"

ئەمەریكا داوا دەكات بخرێتەوە ژێر كۆنترۆڵی حكومەت

K24 - ھەولێر

باڵیۆزی ئه‌مەریكا له‌ عێراق رایدەگەیەنێت، ناوچه‌ی سه‌وز و فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی حكومه‌تی عێراق دا نیيه‌.

ماتیو تووله‌ر، باڵیۆزی ئه‌مەریكا له‌ باره‌ی دوایین پێشهاته‌كانی عێراق و ئه‌گه‌ری بڕیاردانیان بۆ كشانه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌كه‌یان له‌ عێراق رایگه‌یاند: "پێویستە حكومه‌تی عێراق كۆنتڕۆڵی ناوچه‌ی سه‌وز بكات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا و ناوچه‌ی سه‌وز له‌لایه‌ن چه‌ند هێزێكه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌ كه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵی حكومه‌تدا نین".

تووله‌ر ده‌شڵێت: "هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كان زیادیان كردووه‌ و ده‌وڵه‌تی عێراق به‌ ئامانج ده‌كه‌ن، و له‌م رووەشه‌وه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی عێراق رووبه‌ڕووی ئه‌و جۆره‌ هێرش و كرده‌وانە ببێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ به‌رگریكردن له‌ سه‌روه‌ری عێراق، پێش هه‌موو شتێك".

ئەمە لەكاتێكدایە بەھۆی ھێرشی گرووپە چەكدارەكان، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمەریكا ھۆشداری داوەتە بەرپرسانی باڵای عێراق ئەگەر دۆخەكە كۆنترۆڵ نەكرێت باڵیۆزخانەكەیان لە بەغدا دادەخەن.