قایمقامی نوێی سۆران ھەڵبژێردرا

ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر قایمقامی نوێی سۆرانی ھەڵبژارد

K24 ھەولێر

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، ھەڵگورد نەجیب، وەك قایمقامی نوێی سۆران ھەڵبژێردرا.

ھەڵگورد نەجیب، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، پلانی تایبەتمان ھەیە بۆ خزمەتكردنی زیاتری قەزای سۆران".

گوتیشی: "ھەوڵدەدەین ئەو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگانەی تائێستا لە سۆران نەكراونەتەوە لە ئایندەیەكی نزیك بكرێنەوە، بۆ ئەوەی خەڵك بۆ مامەڵەكانیان نێنە ھەولێر".

قایمقامی سۆران ئەوەشی خستەڕوو: "بەھۆی ئەو دۆخەی ھەیە، نامەوێت بەڵێنی گەورە بە خەڵك بدەین، بەڵام بەپێی توانا ئەوەی پێیمان بكرێت بۆ خزمەتی خەڵكی سۆران دەیكەین".  

پوختەیەك لە ژیاننامەی هەڵگورد شێخ نەجیب قایمقامی سۆران:..

ئەندازیار هەڵگورد شێخ نەجیب شێخ عوسمان لە ١\٩\١٩٧٣ لە ناحیەی دیانا لە باوەشی یەکێک لە بنەماڵە ناودارەکانی دەڤەری سۆران لەدایکبووە.

 -بنەماڵەکەی بەشدارییەکی کاریان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و کاریگەری زۆریان هەبووە لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵاتییەکان و پەرەپێدانی خوێندەواری و رۆشنبیری لە دەڤەری سۆران.

-لە تەمەنی یەک ساڵی لەگەڵ ماڵباتەکەی بەهۆی تێکچوونی شۆڕشی ئەیلول و رێککەتنامەی جەزائیر ئاوارەیی ئێران دەبن.

- خوێندنی سەرەتایی لە شارۆچکەیی دیانا تەواو کردووە.

- ١٩٩١- ١٩٩٢ بەرپرسی ناوچەی هەولێری یەکێتی قوتابیان و لاوانی کوردستان بووە.

- ١٩٩٢- ١٩٩٤پەیوەندی بە ریزەکانی لەشکری یەکگرتووی کوردستان کردووە و بووەتە ئەفسەری هەواڵگری.

- ١٩٩٤-١٩٩٨ لە سوپای دووی لەشکری شۆڕشگێڕی کوردستان بووەتە ئەفسەر و ئەرکەکانی بەو پەڕی توانا و لێهاتوویەوە جێبەجێکردووە.

- ساڵی ١٩٩٨ بۆ خوێندن روو لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەکات.

- ساڵی ٢٠٠٣ بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە پلەی باڵا لە زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی کوین ماری لە لەندەن وەرگرتووە.

- ساڵی ٢٠٠٦ بروانامەی تایبەتی بە بواری ئەندازیاری نیتۆڕکینگ لە ئەمەریکا بە دەستهێناوە.

- ساڵی ٢٠١٤ بڕوانامەی ماستەری لە بواری ئەندازیاری کۆمپیوتەر و تۆڕەکانی ئینتەرنێت بەدەستهێناوە.

- ساڵی ٢٠٠٩ گەڕاوەتە کوردستان و گرووپی قوتابخانەکانی کامبرێجی نێودەوڵەتیان دامەزراندووە.

-بەڕێوەبەری گشتی گرووپی قوتابخانەکانی کامبرێجی نێودەوڵەتییە.