ئەرمینیا جارێكی دیكە ئاماژە بە ئەگەری داننانی یەریڤان بە كۆماری قەرەباغ دەكات

K24 – ھەولێر:
سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا، نیكۆل باشینیان رایگەیاند، وڵاتەكەی ھیچ چارەسەرێك قەبووڵ ناكات كه لە شەڕی نێوان وڵاتەكەی و ئازەربایجاندا لە قەرەباخ زیان بە ئاسایشهكەی بگەیەنێ. ھەروەھا رەفتارەكانی توركیای لەمەڕ زیادكردنی گرژییەكان شەرمەزاركرد.
باشینیان لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی: "ئەرمینیا بەردەوام ئامادەبووە بۆ چارەسەركردنی كێشەی قەرەباخ بەشێوەیەكی ئاشتیانە، بەڵام ئەمە ئەو واتایە ناگەیەنێ، كەوا ئامادەیە ئەو كێشەیە لە سەر كیسی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی و ئاساییشی قەرەباخ چارەسەر بكات".
سەرۆكی حكومەتی ئەرمینیا ئاماژەیكرد، یەریڤان بەنیاز نییە لەم قۆناغەدا بە ھۆی ئەو شەڕەی لە قەرەباغ ھەیە، داوای پشتیوانی لە رێكخراوی پەیماننامەی ئاسایشی كۆمەڵەیی بكات، ھەرچەندە ھەماھەنگییەكی توكمەی لەگەڵ رێكخراوەكەدا ھەیە. جەختیشیكردەوە، ھێزەكانی ئەرمینیا بە پشتیوانی و بەبێ پشتیوانی رێكخراوەكە توانای ھەیە بەرگری لە ئاسایشی خۆی بكات.
سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا پێشنیازی ئەئجامدانی كۆبوونەوەیەكی لوتكەیی سێ لایەنەی سەبارەت بە شەڕی قەرەباخ لەگەڵ سەرۆكانی رووسیا و ئازەربایجانی رەتكردەوە و گوتی: ئەگەر شەڕ لە ناوچەی قەرەباخ رانەگیرێت؛ باسكردنی ئەو دیدارە سێ لایەنە گونجاو نییە.
باشینیان جەختییشیكردەوە، بنكەی 102ی رووسی، كە لە ئەرمینیایە، بەشێكە لە سیستەمی ئاساییشی وڵات، ئاماژەشیكرد، لەوانەیە تواناكانی ئەو بنكەیە لە "دۆخی دەستنیشانكراو"دا بەكاربھێنرێت.
سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا گوتی: رەوشی قەرەباخ ھێشتا نەگەیشتووەتە ئەو رادەیەی پێویستی بە بەكارھێنانی تواناكانی بنكەی رووسیی بێت. گوتیشی: لە ھەمان كاتدا، دۆخەكە زۆر خێرا پەرەدەسێنێ و كەس ناتوانێیت پێشبینی داھاتوو بكات.
سەرۆكی حكومەتی ئەرمینیا، نەیویست راستەوخۆ وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بەوە بداتەوە، ئایا یەریڤان بەتەمایە مووشەكی "ئەسكەندەر"ی رووسی لەو شەڕەدا بەكاربھێنێ؟ لە وەڵامدا، تەنھا گوتی: كاری پێشنەمان دابینكردنی ئاسایشی ھاووڵاتیانمان و نیشتیمانمانە، لە ھەمان كاتیشدا ئامانجمان رێگرتنە لە تەشەنەكردنی دۆخەكە".
باشینیان جارێكی دیكە ئاماژەیدا بە ئەگەری داننانی یەریڤان بە كۆماری قەرەباخی راگەیاندراو له یهكلایهنهوه، ههروهها باسی له ئهگهری واژووكردنی پەیماننامەیەك لە گەڵیدا لە بارەی ھاوبەشی ستراتیجی و ھاریكاری لە بواری ئاسایش و بەرگریدا كرد. جەختیشیكردەوە، ئەم پرسانە لە لایەن یەریڤانەوە لە ژێر لێكۆڵینەوە دان و بڕیاری كۆتایی لەم بارەیهوە " لە سەر بنەمای چەند ھۆكارێك" وەردەگیرێت.
باشینیان قسەكانی زغراب منتاساكانیانی وەبێرھێنایەوە، كە توركیای تۆمەتباركردبوو بە "ھەناردەكردنی ناسهقامگیری"، و گوتی؛ بەڵی، لە راستیدا توركیا ناسهقامگیری ھەناردەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دەریای ناوەڕاست و باشووری قهوقاز دەكات.
سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا جەختیشیكردەوە، بابەتی رەفتارەكانی توركیای لە پەیوەندییەكانیدا لەگەڵ دۆستە بیانییەكاندا باسكردووە.