عەلییف: پێویست بە بانگەوازەكانی دانووستان سەبارەت بە قەرباخ ناكات، ئازەربایجان تەواوی خاكەكەی دەگەڕێنێتەوە
K24 – ھەولێر:
سەرۆكی ئازەربایجان، ئیلھام عەلییف، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، وڵاتەكەی كردەوە سەربازییەكانی لە ناوچەی قەرەباخ لەگەڵ ئەرمینیا راناگرێت تا "یەكێتی خاكەكی دەگەڕێنێتەوە".
عەلییف ئەمڕۆ لە گوتارێكیدا گوتی: سوپای وڵاتەكەی توانیویەتی سەركەوتنی باش لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئەم دواییە لە ناوچەی قەرەباخ بەدەستبهێنێ، گوتیشی: كەس ناتوانێت، ھێزەكانی ئازهربایجان ناچار بكات لەو ناوچانەی گرتوویانە پاشەكشەی پێبكات.
جەختیشیكردەوە، "پاشەكشەكردنی ھێزەكانی ئەرمینیا لە قەرەباخ مەرجی ئازەربایجانە و ئەگەر یەریڤان جێبەجێیكرد، ئەوسا شەڕ رادەوەستێت.
سەرۆكی ئازەربایجان رایگەیاند، فەرمانی بە سەربازانی وڵاتەكەی كردووە، ھیچ رێوشوێنێك دژ بە ئەرمەنییە سیڤیلەكان لە شەڕەكانیاندا نەگرنەبەر.
سەرۆكی ئازەربایجان سوپاسگوزاری خۆی بۆ توركیا و سەرۆكەكی، رەجەب تەیب ئەردۆگان دەربڕی، ھەروەھا بۆ سەركردەكانی ئەفغانستان و پاكستان بەھۆی پشتیوانیكردنیان لە ئازەربایجان لەم گەڕەی نوێ شەڕ لە قەرەباخ.
عەلییف ئەو راپۆرتانەی رەتكردەوە، كە باس لە بەشداری چەكدارانی بیانی دەكەن لە بەرەی ئازەربایجان و جەختیكردەوە ئاستی ئامادەیی ھێزەكانی وڵاتەكەی زۆر باشە و پێویستیی بە ھاوكاری دەرەكی نییە.
لە لایەكی دیكەوە وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەرمینیای بە بەكارھێنانی سیستەمی مووشەكی تاكتیكی "تۆشكا- ئو" لە ھێلی رووبەڕووبوونەوەدا لە ھەریمی قەرەباخ تۆمەتباركرد.
ئاژانسی ھەواڵی "نوفوستی" لە سهر زاری نوێنەری وەزارەتی بەرگری ئازەربایجانی گواستووەتەوە، " بەھۆی خراپی و بەسەرچووی چەك و كەرستەكانی دوژمنانیان سێ لە مووشەكەكان ھەڵدراون نەتەقیونەتەوە".
ھەروەھا باكۆ رایگەیاند، ھێزەكانی بارەگای فەوجێكی ئەرمینیایان لە گوندی ئاغداری بۆردومانكردووە و "زیانی زۆر ماددی و گیانی بهر دوژمن بەركەوتووە".