ئەرمینیا داوا لە دوو وڵاتی عەرەبی دەكات ھاوكاریی بكەن بۆ راگرتنی شەڕ لە قەرەباخ

په‌یوه‌ندی به‌ حه‌سه‌ن رۆحانیشه‌وه‌ كردووه‌

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی ئەرمینیا، ئەرمین سەركیسیان، ئەمڕۆ چوارشەممە بانگەوازێكی ئاراستەی دوو سەركرەی عەرەبی كرد و داوای لێكردن ھەژموونی خۆیان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بەكاربھێنن بۆ راگرتنی شەڕ لە نێوان وڵاتەكەی و ئازەربایجاندا لە ناوچەی قەرەباخ.

نووسینگەی سەرۆكی ئەرمینیا، نامەیەكی ئاراستەی سەرۆكی میسر، عەبدولفەتاح سیسی كردووە و تێیدا جەختیكردووەتەوە لە سەر چارەسەركردنی كێشەی قەرەباخ بە رێگای سەربازییەوە نابێت و ناكۆكیەكان تەنھا بە رێگای دانوستانی ئاشتیانە چارەسەردەكرێن.

سەرۆكی ئەرمینیا داوای لە ھاوتا میسرییەكەی كردووە، "پایە و پەیوەندییەكانی خۆی بەكاربێنێ بۆ وه‌ستاندنی خوێنڕشتن بە زووترێن كات".

ھەروەھا سەركیسیان نامەیەكی ئاراستەی شای ئوردن، شا عەبدوڵلای دووەم كردووە و تێیدا گوتوویەتی: بە ئازارەوە پێتانرادەگەیەنم، كەوا ئازەربایجان ھێرشێكی نوێی كردووەتە سەر كۆماری ئەرتساخ (واتە كۆماری قەرەباخی لە یەك لایەنەوە راگەیاندراو) و لەو كاتەی كەم من ئەو نامەیە دەنووسم خەڵكی سیڤیل بە تایبەتی كەوتووەتە بەر ئاگری چەكەكانیان و بە دەیان كوژراو بریندار لە نێوان خەڵكانی سیڤیل و سەربازی ھەن".

سەرۆكی ئەرمینیا ئاماژەیكردووە، حكومەتی ئازەربایجان چەند جار لە مانگەكانی رابردوودا رایگەیاندووە، ھەوڵدەدات بەڕێگای سەربازی ململانێیەكە چارەسەر بكات. داواشی لە شای ئوردن كردووە، سوود لە پەیوەندییەكانی و ناوبانگی نێودەڵەتی خۆی وەرگرێت بۆ ئەوەی دەستبەجێ خوێنڕشتن و نەھامەتی خەڵك رابگیرێت.

لە لایەكی دیكەوە سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا، نیكۆل باشینیان، ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ سەرۆكی ئێران، حەسەن ڕۆحانی باسی دۆخی ناوچەی قەرەباخ و پێشھاتە نوێیەكانی شەڕی نێوان وڵاتەكەی و ئازەربایجانی كرد لەو ناوچەیەدا.

نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی ئەرمینیا لە راگەیاندراوێكدا گوتی: باشینیان لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باسی پێشھاتەكانی ناوچەكە كردووە و سەرنجی سەرۆكی ئێرانی راكێشاوە بۆ "بەشداری راستەوخۆی توركیا لە ئۆراسیۆنەكانی شەڕدا".

لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە، باشینیان بە درێژی باسی دەستوەردانی توركیای كردووە لەو ململانێیەدا.

لە لایەن خۆیەوە، سەرۆكایەتی ئێرانی رایگەیاند، رۆحانی لەو پەیوەندییەدا ئاماژەیكردووە، كەوا ھیچ چارەسەرێكی سەربازی بۆ ململانێی قەرەباخ نییە و ھۆشداریدا لەوەی ناوچەكە بەرگەی شەڕی دیكە و ناسەقامگیری زیاتر ناگرێت.

رۆحانی جەختیكردووەتەوە لەوەی ھەر دەستوەردانێكی دەرەكی لەو ململانێیەدا، چارەسەری ناكۆكییەكە ناكات و ماوەی ململانێیەكە درێژتر دەكاتەوە و زیاتر ئالۆزی دەكات. ئومدیشی خواست، شەڕەكە دەستبەجێ رابگیرێت و ھەموو پرسەكانی ناوچەكە بەڕێگای سیاسی و بەپێی بڕیارە نێودەوڵەتییەكان چارەسەر بكرێن.

رۆحانی ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ گێڕانی رۆڵێكی بونیاتنەر لە چارەسەركردنی ناكۆكیەكانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان نیشاندا.