لە سنووری كەركووك سێ ئەندامی خێزانێک کوژران

كەسێك لەسەر رووداوەكە دەستگیر كراوە

K24 - كەركووك

بە هۆکارێکی نادیار ژنێک و دوو پیاو کە ئەندامی یەک خێزانن لە گوندی شۆرجەی شێخ عەبدولرەحمانی سەربە شارەدێی لەیلان لە سنووری پارێزگای كەركووك کوژران. رووداوەکە لە کێڵگەیەکی پەلەوەر روویداوە و کوژراوەکانیش پاسەوان و کرێکاری کێڵگەکەبوونە. سەرچاوەیەکی پۆلیس بۆکوردستان24 چۆنیەتی رووداوەکە و ناسنامەی کوژراوەکانی ئاشکراکرد.

بەگوێرەی زانیارییەكان پێش رووداوەکە شەڕ و دەمەقاڵە لەنێوان کوژراوەکان و خزمێکیان روویداوە و پێدەچێت پەیوەندیی بەوەوە هەبێت.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركووك بۆ كوردستان24 ئاماژەی بەوەكرد، کەسێک دەستگیرکراوە وەک شایەتحاڵ خۆی ناساندووە و گوتویەتی، چەندکەسێک بەزەبری هێز ئەویان لەگەڵ خۆیان بۆ کێڵگەکە بردووە و دوای دروستبوونی شەڕ لەنێوان هەردوولا بەچەقۆ، دواتر لەڕێگەی چەکەوە سێ کەسیان لە پاسەوانەکانی کێڵگەکە کوشتووە و بەرەو شوێنێکی نادیار رۆیشتوون. ئێستا ئەو کەسەی کە گوایە شایەتحاڵە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و گومان دەکرێت ئەو کردەوەکەی ئەنجام دابێت.

سەرچاوەكە راشیگەیاند، كوژراوەكان بەناوی موحسین خەڵەف یاسین، ئەمیرە محەممەد ئەحمەد، محەمەد غانم، خەڵكی شاری مووسڵن.