ههوڵدهدرێت ههورامان له یونسكۆ تۆماربكرێت
K24 – ھەولێر:
لێژنەیەك لە یونسكۆ سەردانی ھەورامانی رۆژھەڵاتی كوردستانی كردووە، بۆ ئەوەی دوا ھەڵسەنگاندنیان بۆ تۆماری جیھانی ئەو ناوچەیە بكەن. بەرپرسانی ئەو پارێزگایە دەڵێن: ھەموو ئامادەكارییەك بۆ تۆماركردنی ھەورامان لە یونسكۆ كراوە.
ھەنگاوەكان بۆ تۆماركردنی ھەورامان لە رۆژھەڵاتی كوردستان له ریزبهندی تۆماری ناوچه شوێنهوارییهكانی یونسكۆ دەستیپێكردووە. بەرپرسانی پارێزگای سنە دەڵێن: لە یونسكۆ گرنگییەكی زۆر بە دۆسییەی ھەورامان دەدەن و ھەنگاوەكان خێران و پێدەچی لەماوەیەكی كورتدا دوا بڕیار بدرێت.
حوسێن تاڵبی، جێگری وەزیری میرات و كەلەپووری ئێران گوتی: ھەورامان یەكێك لەدۆسییە گەورەكانی بەردەم یونسكۆیە، چونكە پانتایی ھەورامان زیاتر لە 409 ھەزار ھێكتارە، ھەربۆیەش رووی نیشتمانی و نێودەوڵةتیشی ھەیە، ئێمە زیاتر لە ساڵی رابردووەوە دۆسییەكەمان بۆ یونسكۆ ناردووە. كارناسە نێودەوڵەتییەكان دۆسییەكە دەخوێننەوەو قسەی خۆیان لەسەر دەكەن. ئێستا قۆناغی یەكەم تەواو بووە. پرسیارەكان كراون و وەڵام دراونەتەوە. ھەر ماوە لە كۆبوونەوەی گشتیدا دوا بڕیار بدەن.
فەرھاد عەزیزی، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی میراتی كهلتوری ئێران گوتی: دوای ساڵێك، كە دۆسییەی ھەورامان گەیشتە یونسكۆ، ئەو رێكخراوە نوێنەری تایبەتی خۆی بۆ ھەورامان ناردووە، بۆ ئەوەی سەردانێكی مەیدانیی بكەن. شاندەكەی یونسكۆ سەرسوڕمانی خۆیان لە تایبەتمەندییەكانی ناوچهكه نیشانداوە؛ بەڵام دوا بڕیار لەلایەن كۆبوونەوەی گشتی لە یونسكۆ دەدرێت.
ھەورامان ناوچهیهكی گەشتیاری سهرنجڕاكێشە، كە بهشه بەرفراوانهكهی كهوتووهته رۆژھەڵاتی كوردستان و به ههورامانی تهخت ناوبانگی دهركردووه . بهشهكهی دیكهشی له باشووری كوردستان به ههورامانی سهخت ناسراوه. ههروهها مێژوویی ناوچەكە، كهلتور، داب و نەریتی كۆنی كوردەواری و ھاوكات ژینگەپارێزی خەڵكەكەی سێ ھۆكاری سەرەكین، تاوهكو یونسكۆ گرنگی پێبدات و بڕیاریشە ئەمساڵ دوا بڕیار لەسەر تۆماری جیھانی بدرێت.