یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌ڕه‌شه‌ی سزادانی توركیا ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
یه‌كێتی ئه‌وروپا، هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر توركیادا ده‌كات، ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و وڵاته ده‌ستبه‌رداری "هه‌راسانكاری و فشاره‌كان"ـی له ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست نه‌بێت.
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئه‌وروپایی، "شارل مێشێل" له یه‌كه‌م رۆژی كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌یی "گرێبه‌ندی برۆكسل"، له میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: "وڵاتانی ئه‌ندام له گرێبه‌نده‌كه بڕیاریان داوه، له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا هیچ سزایه‌ك له دژی توركیا به‌كارنه‌هێنن، ئامانجیش له‌و بڕیاره ئه‌وه‌یه، توركیا بگه‌ڕێته‌وه بۆ دانووستان و به ئاشتیی كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات".
گوتیشی: "ئێمه ستراتیژێكی دوو سه‌ره‌مان هه‌یه. جه‌خت له ده‌سته‌به‌ركردنی ده‌رفه‌ت بۆ دانووستانی سیاسیی ده‌كه‌ینه‌وه. به‌ڵام سوورین له‌سه‌ر ئه‌و به‌هایانه‌ی هه‌مانه. پشتیوانی یۆنانیی و قوبرسییه‌كان ده‌كه‌ین. ئێمه ئاماده‌ین بۆ هاوبه‌شی له داڕشتنی كارنامه‌یه‌كی ئه‌رێنی له‌گه‌ڵ توركیا، به‌ڵام به مه‌رجێك ئه‌نقه‌ره ئاماده بێت، هاوبه‌شی له كارنامه‌ی ئێمه بكات به بارێكی ئه‌رێنی زیاتره‌وه".
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سه‌رۆكی كۆمیسیارانی یه‌كێتی ئه‌ورویا، "ئورسولا ڤۆن دێر لاین"، له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا گوتی: "ئێمه په‌یوه‌ندی بنیاتنه‌رانه و ئه‌رێنیمان له‌گه‌ڵ توركیا گه‌ره‌كه. ئه‌وه‌ش له سوود و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌نقه‌ره‌یه".
گوتیشی: "ئه‌و خواسته‌ی ئێمه كاتێك كاری پێده‌كه‌ین، كه توركیا واز له هه‌راسانكاری و به‌كارهێنانی فشار بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان بهێنێت. بۆیه چاوه‌ڕوانیمان له توركیایه، ده‌ستهه‌ڵبگرێت له رێكاری یه‌كلایه‌نه. ئه‌گه‌ر توركیا به‌رده‌وام بێت له ره‌فتاره‌كانی، ئه‌وا؛ یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌موو بژارده‌یه‌كی له‌به‌ر ده‌ست ده‌بێت بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ره‌وشه‌كه".
پێشتر، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، "ئیمانوێڵ ماكرۆن" رایگه‌یاندبوو، یه‌كێتی ئه‌وروپا له سه‌ره‌تای مانگی (كانوونی یه‌كه‌م/ دیسێمبه‌ری 2020)دا، سزا به‌سه‌ر توركیادا ده‌سه‌پێنێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و وڵاته هیچ پێشكه‌وتنێك له په‌یوه‌ندییه‌كانی و دانووستانی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له وڵاتانی "یۆنان و قوبرس" به‌ده‌ستنه‌هێنێت.
هه‌وڵه‌كانی توركیا بۆ دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت و غاز و سه‌رچاوه‌ی سرووشتیی دیكه له خۆرهه‌ڵاتیی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و نزیك كه‌وتنه‌وه‌ی له ئاوی هه‌رێمایه‌تی یۆنانستان و قوبرس، ئاڵۆزیی له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو لا درووست كردووه. یه‌كێتی ئه‌وروپا داوای چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی كێشه‌كان ده‌كات. داوای له توركیا كردووه، كه‌شتییه جه‌نگییه‌كانی و ئه‌و كه‌شتیانه‌ی بۆ مه‌به‌ستی گه‌ڕان به دوای سه‌رچاوه سرووشتییه‌كان ره‌وانه‌ی ئاوی هه‌رێمایه‌تی یۆنان و قوبرسی كردوون بكێشێته‌وه.
سه‌رچاوه: RT
وه‌رگێڕانی: ئ.ر