تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵپەسارد

ته‌نیا رێگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وه‌انه‌‌ ده‌درێت كه‌ له‌گه‌شتدان
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

تورکیا سەرجەم گەشتە ئاسمانیيەکانی لەگه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە رۆژی سێی ئەم مانگەوە رادەگرێت و تەنها ئەو گەشتانە ئەنجام دەدرێن، کە لە تورکیاوە دەگەرێنەوە هەرێمی کوردستان و عێراق.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌حمه‌د هۆشیار، بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەڵێت: ئەو گەشتانە بەردەوام دەبن کە هاووڵاتیان لە تورکیان و دەیانەوێت بگەرێنەوە هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: راگرتنی ئەو گەشتانە لەسەر داواکاری وەزیری تەندروستی تورکیا له‌ چوارچێوه‌ی رێكاره‌كانی رێگریكردن له‌ زیاتر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە.

دوای بریارەکەی تورکیا سەرجەم کۆمپانیاکانی فرۆکەوانی تەواوی گەشتەکانیان راگرتووە، وادەی ئەو گەشتانەش دیاری کرابوون سەرجەمیان بۆ كاتێكی نادیار وەستاون، بە گوتەی دیلان رواندزی، كه‌ خاوەنی كۆمپانیای فڕۆكەوانییه‌، ئەم بڕیارە زیانی بۆ گەشتیاران و کۆمپانیا فرۆکەوانیەکان هەیە، چونكە روون نییە چ كاتێك گەشتەكانی نێوان توركیا و عێراق و كوردستان ئاسایی دەكرێنەوە.

راگرتنی ئەم گەشتانەی نێوان تورکیا، کوردستان و عێراق بۆ کاتێکی نادیارە، هاووڵاتیان و کۆمپانیاکانی فرۆکەوانیش دەڵێن: ئەو راگرتنە زیانی بۆیان هەیە. ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا فرۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق گەشتەکانیان راگرتبوو، دوای دەسپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان عێراق و تورکیا، ئەمە دووەم جارە ئەو گەشتانە رابگیرێن.

H.B