زانیاری نوێ لەبارەی تەندروستی ترەمپ ئاشكرا دەكرێت

دوای تووشبوونی بە كۆرۆنا گەیەندرایە نەخۆشخانەیەكی سەربازیی

K24 - ھەولێر

پزیشكی ترەمپ جەختدەكاتەوە، دۆخی ترەمپ باشە و پێویستی بە ھەناسەدانی دەستكرد نییە، ترەمپیش دەڵێت "تەندروستیم باشە".

دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەیەكی سەربازی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پێویست دژی كۆرۆنا، شون كونلی، پزیشكی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی بەوە كردووە، دۆخی تەندروستی ترەمپ باشە و پێویستی بە ئامێری ھەناسەدانی دەستكرد نییە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ترەمپ دەست دەكات بە وەرگرتنی دەرمانی دژە كۆرۆنای ریمدیسڤیر.

لە تویتێكیشدا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، پێم وایە بەرەو باشی دەچم، سوپاس بۆ ھەمووتان و خۆشم دەوێن.

چەند كاتژمێرێك لەمەوبەر، كۆشكی سپی بڵاوی كردەوە، بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، دۆناڵد ترەمپ رەوانەی نەخۆشخانەیەكی سەربازیی كراوە.

دوو رۆژ لەمەوبەر راگەیەندرا كە ترەمپ و میلانیای ھاوسەری تووشی كۆرۆنا بوونە و شەوی رابردوو بۆ چارەسەر ترەمپ رەوانەی نەخۆشخانەیەكی سەربازیی كراوە.