پەرلەمان راپۆرتێك لەبارەی دەروازە سنوورییەكان ئامادە دەكات

لیژنەی دارایی پەرلەمان راپۆرتەكەی بۆ حكومەت ناردووە

K24 ھەولێر

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان راپۆرتێكی لەسەر بازرگانی لە خاڵە سنوورییەكان ئامادەكردووە و بۆ حكومەتی رەوانە كردووە.

ھێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "راپۆرتێكمان لەسەر دەروازە سنوورییەكان ئامادەكردووە و بۆ حكومەت رەوانەمان كردووە، چاوەڕێین وەڵاممان بدرێتەوە".

راشیگەیاند: "ئەم راپۆرتە پرۆفێشناڵ و مەیدانییە و پیشەییانە كاری لەسەر كراوە و ئەندامانی لیژنەی دارایی واژۆیان لەسەر كردووە".

لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانیەكەدا كە زۆربەی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئامادەبوون سەركۆ ئازاد، ئەندامی لیژنەی دارایی گوتی: "داھاتی خاڵە سنوورییەركان لە دوای داھاتی نەوت دێت، بۆیە لەو راپۆرتە مەبەستمانە زۆرترین داھات بۆ حكومەتی ھەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە و كار لەسەر گرێبەستی كۆمپانیاكان بكرێت كە لە دەروازە سنوورییەكان كراوە".