به‌هۆی كیشه‌ی زۆره‌وه‌ حكومه‌تی عێراق ناتوانێت چاكسازی بكات

دوای 50 رۆژ حكومه‌تی عێراق نه‌یتوانیوه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین بكات
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

ماوه‌ی50  رۆژ تێپەردەبێت و حکومەتی عێراق نەیتوانیوە مووچەی فه‌رمانبه‌رانی دابەش بکات، هۆکارەکەشی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ پارەی پێوستی نییە بۆ دابەشکردنی مووچە، ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر بڕیاربوو حکومەتی عێراق پڕۆژە یاسایەك به‌ سێ قۆناغ بۆ چاکسازی بنێرێتە پەرلەمان، بەڵام تا ئيستا نەيناردوە.

ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیاردەری لیژنەی داراییش له‌ په‌رله‌مانی عێراق زانیاری لەسەر پرۆژە یاساکەی حکومەتی عێراق  ئاشکرا دەکات و دەڵێت: چەند شارەزایەك سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەکەن.

دابەزینی نرخی نەوت ئابووری عێراقی بەرەو داڕمانى زیاتر بردووە و بە قەرزیش ناتوانێت مووچە لەکاتی خۆیدا دابەش بکات، بۆ دابینکردنی مووچەش دەڵێت: چاکسازیمان دەستپێکردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نیە، له‌وباره‌شه‌وه‌ عه‌بدولسه‌لام به‌رواری، چاودێری سیاسی دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، ئەم کابینەیەی حكومه‌تی عێراق ناتوانێت چاکسازی بکات.

رێگرییەکانی دەستپێکردنی چاکسازی لە عێراق زۆرن و بەشێکیان پەیوەندییان بە ململانێی نێو ماڵی شیعە و گروپە چەکدارەکانەوە هەیە، چونکە ئەم  چاکسازییە دەبێتە هۆی بڕینی پاڵپشتی داراییەکەیان، بۆیە بە هەبوونی ئەو هەموو گروپە چەکدارانە، چاکسازی له‌م قۆناغه‌دا بە ئەستەم دەزانرێت. جاوه‌ڕێش ده‌كرێت، ئەم قەیرانە بەردەوام بيت و له داهاتووشدا ئەگەر عيراق قەرز نەکات، ناتوانێت مووچە لە کاتی خۆیدا دابەش بکات.

H.B