زمان هۆکاره بۆ بیرکردنه‌وه؟

Kurd24

ئاخۆ زمان هۆکاره بۆ بیرکردنه‌وه؟ وه‌ڵام، نه‌خێر.

هه‌ست چاوگه‌ی هه‌موو بوونه‌کانه، چاوگه‌ی هه‌موو بیر و چاره‌سه‌ره‌کانه. سه‌ره‌تای چاره‌سه‌ری هه‌موو کێشه‌کانی مرۆڤ وه‌ها له:

  • کریاتیڤیتێت. (به‌رهه‌مهێنان، داهێنان. کریاتیڤیتێت به‌ردی بناغه‌ی بیره، به‌ردی بناغه‌ی ئیدێیه، هۆکاری گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌یه). ته‌نها و ته‌نها له ڕێگای کریاتیڤیتێته‌وه گۆڕان و گه‌شه ده‌توانێت له‌دایکبێت، به‌رهه‌مبێت.
  • هه‌ست. کۆنسێپتی هه‌ست زۆر له‌وه ئاڵۆزتره وه‌ک مرۆڤ خۆی له ڕێگای وشه‌وه بیری لێده‌کاته‌وه. هه‌موو مرۆڤێک ئاشنایه به دڵخۆشییه‌کی له‌پڕ، خه‌مبارییه‌کی له‌پڕ، هه‌ست به ته‌نیاییکردن و ...هتد. لێ ده‌گمه‌نن ئه‌و مرۆڤانه‌ی، که له چاوگه‌ی ئه‌م هه‌ستانه ده‌کۆڵنه‌وه. له مێشکدا سه‌نته‌رێکی تایبه‌ت به هه‌ست هه‌یه، که به چه‌ندین ده‌زگای جیاواز و نۆیرۆنی جیاواز ئاماده‌کراوه. ئه‌م سه‌نته‌ره په‌یوه‌ندداره به کۆمه‌ڵێک سه‌نته‌ری تری مێشکه‌وه، که هیچ شتێک له ژیانی ڕۆژانه‌ماندا به‌بێ په‌یوه‌ندییکردن به‌م سه‌نته‌ره‌‌وه تێناپه‌ڕێت. ئه‌و خواردنه‌ی ده‌یخۆیت، ئه‌و خواردنه‌وه‌یه‌ی ده‌یخۆیته‌وه، ئه‌و دیمه‌نه‌ی ته‌ماشای ده‌که‌یت، ئه‌و گۆرانییه‌ی گوێی لێده‌گریت، ئه‌و که‌سه‌‌ی به ناشیرینیی مامه‌ڵه‌ت ده‌کات، ته‌نانه‌ت سه‌ردانه‌کانی چه‌ندجاره‌ی ته‌والێتی ڕۆژانه‌ت ...هتد. هه‌ست چاوگه‌ی ترس، دڵخۆشیی، تووڕه‌بوون، خه‌مباریی و خه‌مخۆرییه‌. ده‌سته‌ڵاتی هه‌ست سه‌دانجار به‌هێزتر و گه‌وره‌تره وه‌ک له ده‌سته‌ڵاتی وشه و زمان. بۆچیی؟
  1. چونکه مرۆڤ ته‌نها په‌نجا هه‌زار ساڵه فێری به‌کارهێنانی وشه بووه، پێشتر ته‌نها به هه‌ست و کریاتیڤیتێت ژیانی به‌سه‌ر بردووه.
  2. زمان یارمه‌تیده‌ره بۆ به‌ده‌ستهێنان و کۆکردنه‌وه‌ی زانیاریی، یارمه‌تیده‌ره بۆ گه‌یاندنی زانست، یارمه‌تیده‌ره بۆ به‌ده‌ستهێنان و کۆکردنه‌وه و گه‌یاندنی ژماره و داتا و فاکت. له ڕێگای زمانه‌وه مرۆڤ ده‌توانێت به باشترین شێوه پێناسی بوونێک بکات، له‌سه‌ر ڕووداوێک بدوێت، زانستێک بنووسێته‌وه، تێکستێک بنووسێت، لێ بۆ ده‌ربڕینی هه‌ستێک به‌رده‌وام تووشی گرفت ده‌بین له زماندا، چونکه وشه‌یه‌ک نادۆزینه‌وه که هه‌سته‌کانمان ده‌رببڕێت.

پێویسته ژیانی مرۆڤ وه‌ک ماڵێک بهێنیته پێشچاوی خۆت، ماڵێک که خاوه‌نی دوو فوندامێنته، خاوه‌نی دوو بناغه‌یه، که ئه‌ویش هه‌ست و کریاتیڤیتێته. هه‌ست به‌هێزتریین یه‌که‌کانی ژیانی مرۆڤه، چونکه بناغه‌ی ژیانه. هه‌ست هه‌ڵسوڕێنه‌ری مامه‌ڵه‌کانمانه، ئینجا تۆ کاردانه‌وه‌ت بۆ سڵاوی که‌سێک هه‌بێت، یاخوود تێکستێک بنووسیت هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت. هه‌ست خاوه‌نی یه‌که‌یه‌کی ئاگایی و یه‌که‌یه‌کی نائاگاییه.

هه‌سته نائاگاییه‌کان هه‌ڵسوڕێنه‌ری بیرکردنه‌وه و مامه‌ڵه‌ن. نموونه‌ی هه‌سته نائاگاییه‌کان بریتیین له:

  • ئازار (ده‌چیت بۆ تاقیکردنه‌وه سکت دێشێت، کێشه‌ت له‌گه‌ڵ که‌سێک هه‌یه سکت دێشێت ..هتد.)
  • خۆگوونجاندن (ده‌ترسیت له‌وه‌ی جێگات نه‌بێته‌وه و مۆب بکرێیت، ئه‌وا خۆتده‌گوونجێنیت)
  • ئاره‌قکردنه‌وه (ده‌ترسیت، شه‌رمده‌که‌یت ئاره‌قده‌که‌یته‌وه)
  • له‌رزین (ده‌ترسیت ده‌له‌رزیت، هه‌ستێکی سێکسیی ده‌شاریته‌وه ده‌له‌رزیت)
  • حه‌ز (ئاشکرایه یان شاردراوه)
  • سێکس (ئاشکرایه یان شاردراوه)
  • مۆتیڤ (ئاشکرایه یان شاردراوه)
  • فۆبیی (ئاشکرایه یان شاردراوه)
  • ترس و زۆرله‌خۆکردن (ئاشکرایه یان شاردراوه)

به به‌راورد له‌گه‌ڵ زماندا هه‌ست و کریاتیڤیتێت توانایه‌کی سروشتییه، که له ڕێگایه‌وه چاره‌سه‌ری کێشه‌کانمانی پێده‌که‌ین، له‌کاتێکدا زمان به‌رهه‌مهێنراوی مرۆڤ خۆیه‌تی، که له ڕێگای کولتووره‌وه کردوومانه به به‌شێک له سروشتی خۆمان، هه‌ربۆیه چه‌نده‌ها زمان له جیهاندا بوونی هه‌یه، نه‌ک به ته‌نها یه‌ک زمان.

بیهێنه به‌رچاوی خۆت، که که‌سێک له جاڵجاڵۆکه یان مشک ده‌ترسێت، ئه‌وا ده‌توانیت له ڕێگای زمانه‌وه به‌یانیی هه‌تا ئێواره قسه‌ی بۆ بکه‌یت، که جاڵجاڵۆکه و مشک دوو بوونه‌وه‌ری بێ زیانن و هیچ مه‌ترسیی نین بۆ سه‌ر مرۆڤ. به‌ڵام تاکی خاوه‌ن ترس به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانێت باوه‌ڕ به وته‌کانت بکات. لێ دیسان بیهێنه به‌رچاوی خۆت، که تاکی ناوبراو له ڕێگای هیپنۆتیزه‌وه ده‌یه‌وێت چاره‌سه‌ری کێشه‌ی ترسی بکات، ئه‌وا ده‌بینیت، که هیپنۆزه ده‌یانجار زیاتر کاریگه‌رتره وه‌ک له قسه‌کردن بۆ تاک. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی، که له هیپنۆتیزه‌کردندا زمان تاکه ده‌زگایه که به‌کاردێت، لێ زمانی هپینۆزه کار له هه‌سته‌کاندا ده‌کات، کار له هه‌سته نائاگاکانی تاکدا ده‌کات، هه‌ربۆیه کاریگه‌رتره و تاکی ناوبراو له‌دوای هیپنۆزه‌کردن ده‌ستبه‌رداری ترسه‌که‌ی ده‌بێت.

دواجار کریاتیڤیتێت بیر به‌رهه‌مدێنێت و بیریش زمان. زمان لۆگیک به‌رهه‌مناهێنێت، به‌ڵکوو لۆگیک به‌شێکه له سروشتی مرۆڤ، هه‌ربۆیه له مێشکدا مرۆڤ خاوه‌نی سه‌نته‌ری لۆگیکه.